د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كوردو ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عێراق لە ساڵیادی راپەڕینی خەڵكی كوردستاندا لەدژی رژێمی بەعس دەڵێت: خەون و ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتون و لە بنەڕەتدا ڕاپەڕین سەرنەکەوت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ 5ی ئازار، 34 ساڵ بەسەر دەستپێكی راپەڕینی خەڵكی باشوری كوردستاندا لەدژی رژێمی بەعسدا تێپەڕدەبێت و لەوبارەیەوە د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە راپەڕیندا "خەڵک پێی وابو ڕزگاری دەبێت، کە ڕزگاریش بو داواکانی جێبەجێ دەبن، بەرپرسانیش بەڵێنی گەورەیان بە خەڵکدا، بەڵام ئەو بەڵێنانە وەک پێویست جیبەجێ نەبون، کە هەندێکی پەیوەندی بە بەغداوە هەیە، بەڵام بەشیکی زۆری پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە و خەڵکی لە کاربەدەستانی هەرێم ناڕازین."
د. مەحمود عوسمان وتیشی،"خەونە گەورەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتون وەک پێویست، چونکە بەعس گەڕایەوە هەرێم و ڕاپەڕین تەواو نەکرا، پاش ئەمە گفتوگۆش لە نێوان بەعس و سەرکردایەتی کورد دورست بو من کە خۆشم ئەندامی گفتوگۆکە بوم، بەڵام نەگەشتە ئەنجام، بۆیە ئامانجەکانی بەدینەهاتن و داواکانی کورد جێبەجێ نەبون، لە بنەڕەتدا ڕاپەڕین جێبەجێ نەبو، واتە سەر نەکەوت."