مامۆستایەکی ناڕازی رایگەیاند، لەپارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی لە هەندێک قوتابخانە دەوام دەکرێت بەڵام بەگشتی بایکۆتە، دەشڵێت "بایکۆتی ئەمساڵ هیچ ساحێبێکی نییە و کەسیش ناتوانێت خۆی بکات بە ساحێبی".
ئاوێنە: هادی حەمەرەشید، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی کە پێشتریش یەکێک بوو لە مامۆستا مانگرتووەکان لەبارەی بایکۆتی سبەینێوە تایبەت بە ئاوێنە وتی "ئەمساڵ وتومانە بایکۆتی خوێندن هیچ ساحێبێکی نییە و کەسیش ناتوانێت خۆی بکات بە ساحێبی، بەداخەوە یەکێتی و پارتی نەیانتوانی تەعەمولێکی باش لەگەڵ ئەو دەموچاوانەی ساڵی رابردوو کە کاریان لەو بوارەدا دەکرد کە دەیانتوانی قسە بکەن نەکرد، تەنانەت لەگەڵ مامۆستایان نەبوون بۆ مانەوە لە دەرەوەی هۆڵەکانی خوێندن وە گەڕانەوەشیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن".
مامۆستا هادی وتیشی "بۆیە لەئەمساڵ کە بایکۆت کراوە کەس خۆی نەکردووە بە ساحێبی، کەسیش ناتوانێت بە کەس بڵێت، ئێستا گەر لەمن بپرسیت ناتوانم بڵێم بایکۆت بەردەوام دەبێت یان بایکۆت دەشکێنرێت. لەبەر بارودۆخی رابردووی ئێمەش مامۆستایانی دیکە لەبایکۆت بەردەوام بوون".
بەوتەی ئەو مامۆستا نارازییە "ئێستا من بە نائەخلاقی دەزانم بڵێم با بڕۆینەوە بۆ دەوامکردن، کەی مامۆستایان چوونەوە هۆڵەکانی خوێندن دەرۆینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەخوێندنگەکەم نەوتراوە دەوام هەیە یاخود نا، هیچ مامۆستایەک موبادەرەی نەکردووە تەنانەت ئیدارەش. راستە کە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامە".
هادی حەمەرەشید جەختیشیکردەوە "لەهەردوو پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی، چونکە بایکۆت ئاڕاستەکراو نییە، لە هەندێ مەکتەب دەوام ئەکرێت، بەڵام بەگشتیی بایکۆتە".