هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان کەوتە بەردەم دوو ئاستەنگ کە یەکێکیان تورکیایە
  2025-02-25       1821       

بەپێی رۆژنامەی (العربي الجدید)، توركیا داوای لابردنی قەرەبوو دەكات کە بڕەکەی (1.5) ملیار دۆلارە و كۆمپانیاكانیش رێككەوتنی نوسراويان دەوێت لەگەڵ بەغدا. لەلایەکی دیکەشەوە ئێران و ئیسرائیل دوو زەرەرمەندی رێككەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدان.

ئاوێنە: رۆژنامەی (العربي الجدید) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە "سەرەڕای رێککەوتنی نێوان کوردستان و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، شارەزایانی عێراق دەڵێن دوو بەربەستی سەرەکی هەیە.

لەبارەی بەربەستی یەکەمەوە، رۆژنامەکە رایگەیاندووە "پەیوەندی بە ڕەتکردنەوەی تورکیاوە هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، پێش ئەوەی پرسی سزای لیژنەی ناوبژیوانی نێوان تورکیا و عێراق چارەسەرنەكرێت، كە پێویستە ئەنكەرە بە بڕی (1.5)ملیار دۆلار قەرەبوی بەغداد بکاتەوە".

پەیوەست بە بەربەستی دووەمیشەوە (العربي الجدید) ئاماژە بەوە دەکات، کە پەیوەندی بە کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستانەوە هەیە (ئەپیكۆر)، كە مەرجی واژوکردنی رێککەوتنامەی نوسراو و گەرەنتی دارایی دەكات، تا مافی کۆمپانیا بیانییەکان کە لە کوردستان بپارێزێت.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریكا پێیوایە، رێککەوتنی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر زیان بە ئێران دەگەیەنێت، بەوپێیەی رۆژانە نزیکەی (200) هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردی بە نرخێکی هەرزان و بە قاچاغ هەناردەی ئێران کراوە.

رۆژنامەکە رونیشیکردووەتەوە، کە ئەم هەناردەکردنەوەیە زیانی بۆ ئیسرائیلیش دەبێت، بەوپێیەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە رەوانەی ئەوێ‌ دەكرا، بەبێ رەزامەندی حکومەتی ناوەندی عێراق.


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×