ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی دۆلار بازدانێکی داو بەهای دیناری بەرزکردەوە و سەبارەت بە هۆکار دابەزینی دۆلار و زیاتر بەرزبونەوەی دینار، ئاوێنە وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەدوێنێت.
ئاوێنە: جەبار گۆران، وتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆرى دراو لە سلێمانی کە هاوکات مامۆستای زانکۆ و دکتۆرای لە کارگێڕی دارایی هەیە و سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلار لەلێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنە دەڵێت "گۆڕانکاری لە سیستەمی بانکی محاوەلەی دەرەکی چووەتە قۆناغی دووەمەوە، پێشتر لە محاوەلەی دەرەکیدا هەر کەس و بازرگانێک لەرێگەی بانکەوە حەواڵەی دەکرد دەبوو داخڵی مەنەسەیەکی ئەلیکترۆنی ببوایە، چونکە لەوکاتەدا حکومەتی ناوەندی عێراقی بانکی مەرکەزی بانکەکان نەیان دەتوانی راستەوخۆ حەواڵەی دەرەکی بە ئەنجام بگەیەنن".
وتیشی "هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کارەکەی قورس بوو ئاستەنگی هەبوو و حەواڵە گران بوو، بەمەش بەبەردەوامی بەشێک لە بازرگانەکان خواستیان دەخستەوەسەر بازاڕەکانی دۆلاری ئەمریکی تاوەکو کارەکانی بازرگانی دوانەکەوێت، بەڵام بەرەوپێشچونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە دواتر بڕیاردرا ئەم مەنەسەیە لەکۆی پڕۆسەی حەواڵەی دەرەکی بهێنرێتە دەرەوە راستەوخۆ بانکەکان خۆیان ببەستنەوە بە گەڕانی جیهانییەوە".
سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلاریش جەبار گۆران ئاشکرایکرد "پێشتر چەند بانکێک دەیانتوانی حەواڵە بکەن، بەڵام ئێستا ٢١ بانک ئەتوانن حەواڵە بکەن، پێشتر یەک سەرچاوەی تەمویل هەبوو بۆ بانکەکان بەڵام ئێستا حەوت سەرچاوە هەیە، دواتر کارکردن خێراتر بووە جاران حەواڵەی بکرایە وەکو بازرگانێک ٢٥ رۆژ بۆ مانگ و نیوی دەویست، بەڵام ئێستا بەپێی سیستەمە نوێیەکە بێت لەماوەی ٧٢ کاتژمێر حەواڵەکان دەگات. ئەمەش خواست لەسەر دۆلاری ناوبازاڕی کەمکردووەتەوە".
ناوبراو راشیگەیاند "لەلایەکی دیکەشەوە دۆخی سیاسی عێراق تائێستا باشە پێشتر گەمارۆی ئەمریکا هەبوو، هەروەها روسیاش لەرووی ئابورییەوە بەرەو باشی رۆشتووە، دوای ئەوەش کارکردنی حەواڵەی دەرەکی لەرێگەی کارتی بانکییەوە چەند پلاتفۆڕمێکەوە وایکردووە هەمیشە حەواڵەکان بەبەراورد لەگەڵ هاوردەکردنی کاڵادا زیاتربێت، لەلایەکی دیکەشەوە نزیکبوونەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئەمەش کاریگەری ئیجابی گەورە دروست دەکات".
ئێوارەی ئەمڕۆ بازاڕی دۆلارەکە ١٠٠ دۆلاری بە ١٤٨ هەزار و ٦٠٠ دینار داخست، سەبارەت بەوەی نرخی دۆلار تا چ ئاستێک دادەبەزێت، ئەو پسپۆڕە بانکییە وتی "پێشبینی دەکەم نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار روو لەدابەزین بکات و رەنگە تا ١٤٥ بۆ ١٤٦ دۆلار دابەزێت، بەڵام بۆ نزیکبوونەوەی لە نرخی بانکی مەرکەزی بە ئەگەرێکی دووری دەزانم وە زەحمەتیشە".
ئەو پسپۆڕی کارگێڕی داراییە زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "دەبێت هەمیشە چاوەڕێ بکەین دۆلار لە ١٥٠ بۆ ١٤٥ بێت ئەگەر رۆژێک لەرۆژان دابەزێت ١٤٥یش واردە، بەڵام دابەزین بۆ ١٣٥ بۆ ١٣٦ ئەگەرێکی زەحمەتە".
بەوتەی جەبار گۆران بێت لە دوو حاڵەتدا دۆلار دەگاتە ١٣٢ هەزار دینار، ئەوانیش "ئەگەر بانکی مەرکەزی بێت نرخی سەرف دەستکاری بکات بە ١١٨ هەزارەکەی چوار ساڵ پێش ئێستا ئەوکاتەیە دۆلاریش نرخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٣٠ هەزار، لەحاڵی دووەمدا ئەگەر کۆی هەموو مامەڵەکان لەسەر ئاستی عێراق شتێک نەما بەناوی دەستاودەست یان بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو و هەمووی لەرێگەی بانکییەوە بوو، ئەوکاتە نرخی سەرف لەگەڵ نرخی بازاڕ نزیکدەبێت و نرخی دۆلار دەبێت بە ١٣٠ هەزار دینار، بەڵام بۆ ئەم هەلومەرجەی ئێستا زەحمەتە".