2025-02-25   372     
پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) ڕایدهگهیهنێت، "چاوەڕوانین عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەپەیامەکەیدا كه بڕیاره بهمزوانه بڵاوى بكاتهوه، داوای دانانى چهك لەپەکەکە بکات، بۆ ئەوەی نیازپاکیی پەکەکە لەپابەندبون بەپرۆسەی ئاشتی ڕون بێتەوە".
ئاوێنە: ئەفکان عەلا جێگری سەرۆکی ئاکپارتی کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایەو لەدوای بەستنی هەشتەمین کۆنگرەی فراوانی حزبەکەی بۆ میدیاکانی تورکیا قسەیکردو ڕایگەیاند، "نایانەوێت چیتر توندوتیژییو تیرۆر لەتورکیا ڕوبدات".
عەلا وتییشی:"بەباشی سەیری ئەو گۆڕانکارییو پێشهاتانە دەکەین کە لەدەوروبەری تورکیا ڕوو دەدەن، تائێستا تورکیا باجێکی زۆریداوەو هاوڵاتیانیش بونەتە قوربانیی ڕوداوەکان، هەموو ئەوانەش بونە سەرچاوەی ئێشو ئازارێکى زۆر بۆ گەلی تورکیا لەئاستی ناوچەکە".
جێگری سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی پابەندبونی پەکەکەش بەبانگەوازەکەی ئۆجەلان ڕایگهیاند، "چاوەڕوانین ئۆجەلان داوا لەپەکەکە بکات چەکەکانی دابنێت، هەربۆیە گەشبینین کە پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبێت، بەڵام بەرژەوەندییو بارودۆخی ناوچەکە جیاوازی هەیە، بۆیە گوماندەکەین پەکەکە بەوریاییەوە نزیک دەبێتەوە".
ئهمهش لهكاتێكدایه، دوو ڕۆژ پێش ئێستا یەڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا ڕایگهیاند، "بهمنزیكانهو بەر لەکۆتایی ئەم مانگە، عەبدوڵلا ئۆجەلان لەچوارچێوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، پەیامێک ئاراستەی سەرکردایەتیی پەکەکە بکات".