کەس نازانێت کابنیەی دەیەم کەی پێکدەهێنرێت
  2025-02-24       512       
بڕیاری پێکهێنانی حکومەت، لای سەرۆکی پارتی‌و یەکێتییە

ئا: مەزهەر کەریم

 

پاش تێپەڕینی زیاتر لەچوار مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا حکومەتی هورێمی کوردستان پێکنەهێنراوەو پێشبینی دەکرێت پێکهێنانی کابینەی دەیەم درێژە بکێشێت‌، چاودێرێکی سیاسی دەڵێت "تورکیاو ئێران دەیانەوێت حکومەتی هەرێم ھەر پێکنەیەت‌و پارتی‌و یەکێتی ململانێی یەکتر بکەن".

 

شەڕی پارتی‌و یەکێتی لەسەر پارەو دەسەڵاتە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەدارو چاودێری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەریی ڕووداوی گەورەو پێشهاتی سەیرو سەمەرە لەعێراق‌و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە، لەم حاڵەتەدا ئەگەر کورد پەرلەمان‌و حکومەتێکی کارای نەبێت زیانێکی گەورە دەکات، ئەو بەئاوێنەی وت"بەم شێوەیەی ئێستا کە پەرلەمانێکی شەقوشڕو حکومەتێکی ماوە بەسەرچووی ھەبێت، هەرێمی کوردستان رۆڵی لەهاوکێشە سیاسییەکاندا نامێنێت".

وتیشی "ناکۆکی نێوان پارتی‌و یەکێتی لەسەر ئەوەیە کێ بەشی زۆری داھاتی نەوت‌و غاز بەرێت بۆ خۆی، شەڕەکە لەسەر دەسەڵات‌و پارەیە، بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت تورکیاو ئێران دەیانەوێت حکومەت ھەر پێکنەیەت‌و پارتی‌و یەکێتی هەر خەریکی ململانێی یەکتر بن".

 

رۆژ بەرۆژ پێگەی ھەرێمی کوردستان لاواز دەبێت

دکتۆر فایەق گوڵپی، سیاسەتمەدار لەبارەی دواکەوتنی حکومەت‌و پێکنەھێنانی کابینەی دەیەم، باس لەوە دەکات کە ئێستا پارتی‌و یەکێتی لەحکومەتدان‌و بەئارەزووی خۆیان چیان بوێت دەیکەن، جا ئەوە بۆ لەکیسی خۆیان بدەن‌و پەرلەمانێک دروست بکەن‌و ئەو حیزبانەی دەنگیان ھێناوە بیانکەن بەگژ خۆیاندا، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەر ماوەکانی ڕابردوو بیر بێنینەوە ئەم دوو حیزبە ھیچ کێشەو ملمڵانێیەکیان نیە لەسەر خزمەتکردنی میللەت تەنیا شەر بۆ خۆیان دەکەن، لێرەو لەوێش قسەو باس دەبیستینەوە کە ئەم حکومەتە تا دوایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆر زەحمەتە پێکبھێنرێت".

وتیشی "پارتی‌و یەکێتی ھەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن بەرامبەر بەمیللەت، لەگەڵ ئەوەشدا بیرمان نەچێت ھەرێمی کوردستان‌و عێراق ئەملاولا دەستیان تێخستووە نایانەوێت دەوڵەت‌و دامەزراوەی حکومی ھەبێت، دەیانەوێت وەک لوبنان ھەر حیزب دەسەڵاتدار بێت، رۆژ بەرۆژ پێگەی ھەرێمی کوردستان لەڕووی ناوخۆو ھەرێمی‌و جیھانیەوە بچوک دەبێتەوەو لاواز دەبێ‌و پاشەکشە دەکات".

 

بڕیاری پێکهێنانی حکومەت، لای سەرۆکی پارتی‌و یەکێتییە

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، بەئاوێنەی وت "وەک وەفدیی دانوستانکاری پارتی‌و یەکێتی بەردەوامین لەکۆبونەوەکان، بەھۆی ئەو ڕووداوانەی لەجیھان‌و ناوچەکە ھاتونەتە پێش، بەشێک لەئەندامانی وەفدی یەکێتی خەریکی ئەو پێشھاتە نوێیانەین‌و نازانرێت کەی حکومەت پێکدەھێرێت، ھەندێک شتی دیکەش ھەیە تایبەت بەسەرۆکی پارتی‌و سەرۆکی یەکێتی، بڕیاری کۆتایی ھەردوولای دەوێت".

وتیشی "من نامەوێت باسی پۆستەکان بکەم ئەوە باسێکی دیکەیە، باسی پۆستەکان نەکراوە، باسی پێکھێنانی حکومەت کراوەو لەداھاتوودا لەوبارەیەوە قسەم دەبێت‌و ھەموو شتێک دەڵێم".

 

پێکھێنانی حکومەت زۆر نزیک بۆتەوە

فازیل بەشارەتی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت‌، بەئاوێنەی وت "پێکھێنانی حکومەت لەدونیا دیموکراسیەکاندا چەندین مانگی دەوێت، لەکوردستانیش واریدە چەند مانگێگ بخایەنێت، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە حەساسیەتی نێوان پارتی‌و یەکێتی کەمبۆتەوە، ھەردوولامان دەمانەوێت حکومەت پێکبھێنرێت، ھەوڵی پارتی‌و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیە ھەموو لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن دەنگیان ھێناوە بەشداربن لەحکومەتی داھاتوودا".

وتیشی "ئەوەندەی من بزانم کۆبوونەوەکانی پارتی‌و یەکێتی پەرەو پێشچونی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، بابەتی پێکھێنانی حکومەت زۆر نزیک بۆتەوە، پێکھێنانی حکومەت بۆ ئێمە زۆر گرنگە چونکە نازانین رووداوەکانی داھاتووی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چەند لەبەرژوەندی ھەرێم دەبێت".

لەبارەی ئەوەی لەپێکھێنانی کابینەی نوێدا پارتی دەتوانێت نیگەرانیەکانی یەکێتی بڕەوێنێتەوە، بەشارەتی وتی "یەکێتی لەکابینەکانی پێشوودا رۆڵێکی شپرزی ھەبووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی یەکێتی خۆی، کە کێشەی لەگەڵ خودی وەزیرەکانی خۆی ھەبووە، وەک وەزیری پێشمەرگە، وەزیرەکانی یەکێتی لەکابینەکانی پێشوودا دەستیان نەگیراوە. لەجێگری حکومەتەوە تا وەزیرەکانی دەستیان کراوە بووە، ئێستاش بەشێک لەوەزیرەکانی یەکێتی لەگەڵ سەرۆک وەزیران پەیوەندیی باشتریان ھەیە تا لەگەڵ حیزبەکەیان".

 

یەکێتی‌و پارتی لەسەر بەرژوەندی خۆیان حکومەت دوادەخەن

عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمەڵی دادگەری لەبارەی پێکنەھێنانی حکومەت لەلایەن پارتی‌و یەکێتەوە وتی" لە نۆ کابینەی رابردوو، ئەم کابینەیەش کە ھێشتا پێکنەھاتووە، لەسەر بەرژوەندی خۆیان دوایدەخەن، بۆیە فشار لەیەکتر دەکەن تا زۆرترین بەرژوەندییان دەستبکەوێت، بۆیە حکومەتی ھەرێم نەیتوانیوە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ھاوڵاتیانی خۆی ھەبێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×