"ئەمشەو ساردترین کاتی زستانی ئەمساڵ ئەبێت"
  2025-02-24       759       
دیمەنێكی گوندی دێریشكێ لە دەڤەری بەرواری. وێنە: رێبەر دێریشكی

شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت، ئەمشەو ساردترین كاتی زستانی ئەمساڵ دەبێت و نزمترین پلەی گەرمی پێشبینیكراویش بۆ ناوچە جیاجیاكان دەخاتەڕو. دەشڵێت، لە دوسبەی چوارشەممەوە، پلەكانی گەرما رو لە بەرزبونەوە دەكەن.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە "ئەمشەو ساردترین كاتی زستانی ئەمساڵ ئەبێت."

وتوشیەتی"لەئەنجامی گەیشتنی ناوەندی بارستە ھەوا ساردەکەی جەمسەری باکور، ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ناوچەکان پلەکانی گەرما نزمبونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و ئەمشەو بۆ کاتەکانی بەرەبەیان ساردترین ماوەی کاریگەری ئەو شەپۆلە ئەبێت لەسەر تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا و باکوری کوردستان و رۆژھەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی باکوری سعودیە ."

بەپێی قسەی ئەو شارەزایە، نزمترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ ئەمشەو و کاتەکانی بەرەبەیانی سبەی سێشەممە 25/2/2025 بەم شێوەیە ئەبێت.

سلێمانی 7 پلە ژێر سفر

ھەولێر 4 پلە ژێر سفر

دھۆک 4 پلە ژێر سفر

کەرکوک 2 پلە ژێر سفر

ھەڵەبجە 3 پلە ژێر سفر

سۆران 6 پلە ژێر سفر

پێنجوێن 13 پلە ژێر سفر

حاجی ئۆمەران 17 پلە ژێر سفر

زاخۆ  5 پلە ژێر سفر

رانیە 5 پلە ژێر سفر

کەلار 2 پلە ژێر سفر

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، ساردین لوتکەی چیا لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان لوتکەی چیای ھەڵگوردە كە 27 پلە ژێر سفر ئەبێت. هەروەها لە  لوتکەی چیای پیرەمەگرون 16 پلە ژێر سفر، چیای ئەزمڕ 11 پلە ژێر سفر، چیای کوڕەکاژاو 14 پلە ژێر سفر.

ئاراس جەبار هێمای بۆ ئەوەش كردوە، سبەی سێشەممە، پلەکانی گەرما بەجێگیری ئەمێننەوەو لە دوسبەی چوارشەممەوە، پلەكانی گەرمی لە کاتەکانی رۆژ بەرەو بەرزبونەوە دەچن تا کۆتایی ھەفتە بەرێژەی 3 تا 6 پلە، بەڵام لەشەواندا تا سەرەتای ھەفتەی داھاتو پلەی گەرمی گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نایەت و بەستن و دروستبونی شەختە بەردەوامی ئەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×