حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە دو رۆژی داهاتودا نەوتی هەرێم ئامادە دەبێت بۆ هەناردەكردنەوە و بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتەكەش چاوەڕێی رەزامەندیی توركیان.
ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو قسانەی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لەلێدوانێكیدا هاتون بۆ رۆژنامەنوسان.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كاریگەری دەبێت لەسەر پابەندیی عێراق بە رێككەوتنی ئۆپیك، حەیان عەبدولغەنی وتویەتی، بەغدا پابەندە بە بڕیارەكانی ئۆپیك پڵەسەوەو بڕی هەناردەكردنی نەوتیش لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراقدایە.
لەبارەی ئەوەشی كە ئایا هەناردەكردنەوەكە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە، نەوتی كێڵگەكانی كەركوكیش دەگرێتەوە، وەزیری نەوتی عێراق وتویەتی"بەرهەمی كێڵگەكانی كەركوك بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێنرێت."
دوێنێ یەكشەممەش، باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان قسەی لەگەڵ لایەنی توركی كردوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چاوەڕێن لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتودا توركیا وەڵامیان بداتەوە. وتیشی، لەم قۆناغەدا 185 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمەوە هەناردە دەكرێت.
هەر دوێنێ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ڕێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست.