ئەنەكەسە رەخنە لە شێوازی بەڕێوەچونی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا دەگرێت
  2025-02-24       232       

ئەنەكەسە رەخنە لە دیالۆگی نیشتمانیی سوریا دەگرێت كە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە دیمەشق دەستی بە كارەكانی كرد و دەڵێت، بەستنی كۆنگرەكە بەو شێوە بەپەلەیەو پەراوێزخستنی پێكهاتە سیاسی و نەتەوەییەكان، پێشێلكردنی مافی شەراكەتی گەلی كوردە كە پێویستە بەردی بناغەی هەر دیالۆگێكی جددی بێت.

ئاوێنە: ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا-ئەنەكەسە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا هەڵوێستی خۆی دوپاتكردۆتەوە بۆ پشتیوانیكردن لە هەر هەوڵێك كە هاوكار بێت بۆ گەیشتن بە گواستنەوەی سیاسیی گشتگیرو دامەزراندنی دەوڵەتی دیموكراسیی لامەركەزیی فەرە نەتەوەو فرە ئایین و كولتور كە دەستورەكەی گەرەنتی مافەكانی سەرجەم پێكهاتەكان بكات بەتایبەت مافەكانی گەلی كورد لە سوریا.

لەبارەی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا كە ئێوارەی ئەمڕۆ دەستی بە كارەكانی كرد، ئەنەكەسە وتویەتی"بەستنی كۆنگرەكە بەو شێوە بەپەلەیەو راگەیاندنی وادەی كۆنگرەكە یەك رۆژ بەر لە بەڕێوەچونی و پەراوێزخستنی پێكهاتە سیاسی و نەتەوەییەكان لەنێویشیاندا ئەنەكەسە لە ئامادەكارییەكانی كۆنگرەكەدا، پێشێلكردنی بنەماكان و مافی شەراكەتی گەلی كوردە كە پێویستە بەردی بناغەی هەر دیالۆگێكی جددی بێت كە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی سازانێكی راستەقینەی نیشتمانی بدات."

ئەوەشی خستۆتەڕو، بانگهێشتەكان بۆ كۆنگرە لەسەر بنەمای تاكەكەسی و بەشێوازی دیاریكردن و بەدور لە پێودانگە رونەكان بۆ گەرەنتیكردنی نوێنەرایەتییەكی هاوسەنگی سەرجەم هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی سوریا، لەنێویشیاندا بزوتنەوەی سیاسیی كورد، چەندین پرسیاری جەوهەری لەبارەی سودی كۆنگرەكەو توانای چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانەوە دەوروژێنێت كە رژێمی پێشو لە دوای خۆی جێیهێشتون.

ئاماژەی بەوەشداوە، وێڕای ئەوەش كەمی ماوەی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەكە، لەبەرچاو نەگرتنی دۆخی بەشداران لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریا، دەرفەتی سەركەوتنی كۆنگرەكە لاوازدەكات لە هێنانەدی ئامانجە خوازراوەكان بۆ بونیادنانی سوریای ئایندە.

ئەنەكەسە وتوشیەتی، لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆمان بۆ هەر پڕۆسەیەكی سیاسی دوپات دەكەینەوە كە بونیادنانی سوریایەكی نوێی دور لە ستەم و پەراوێزخستنی پێكهاتە سیاسی و نەتەوەییەكان بكاتە بنەما، بەڵام واشی دەبینین كە هەر دیالۆگێكی نیشتمانی راستەقینە ناكرێت لەسەر بنەمای پەراوێزخستنی پێكهاتەكانی گەلی سوریا بێت و ناشتوانێت ئامانجەكانی بەدی بهێنێت ئەگەر چارەسەركردنی مافە رەواكانی سەرجەم پێكهاتەكان لەخۆ نەگرێت.  

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×