بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە پێویستی دەزانێت پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڤیدیۆیی بێت و جەختدەکاتەوە ئەگەر وا نەبێت قبوڵی ناکەن، ئەوەش دواى وتەکەى وەزیرى دادى تورکیا کە ئاماژەى بەوەکردبوو، هەلومەرج لەبار نییە بۆ ئەوەى بانگەوازەکە بەشێوەى ڤیدیۆیی بێت.
ئاوێنە: بەسێ هۆزات لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ Medya TV لەبارەی بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلانەوە دوا کە بە بانگەوازێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە.
بەسێ هۆزات بە توندی وەڵامی یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیای دایەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند هەلومەرجی یاسایی لەبار نییە بۆ ئەوەى بانگەوازەکە بەشێوەى ڤیدیۆیی بێت و دەڵێت: "بە هیچ جۆرێک ئەوە قبوڵ ناکەین، 26 ساڵە گۆشەگیری خراوەتە سەر 'ڕێبەر' ئاپۆ، ئەمەیش ئەشکەنجەدانە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش ئەمە بە ئەشکەنجە و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دەدەن".
بەسێ هۆزات سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای ئەوەی لە 22 تشرینی یەکەمی 2024ەوە دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە داوای لە ئۆجەلان کردووە بچێتە پەرلەمان، کەچی هێشتا گۆشەگیرییەکانی سەر ئۆجەلان بە توندترین شێوە بەردەوامە و دەڵێت: "ئەو گوتانەی وەزیری دادی تورکیا بەو واتایە دێت، چۆن لەو دۆخە نوێیە دەڕوانن و هیچ بە هەندی وەرناگرن".
هۆزات ڕەخنەی ئەوەی لە یڵماز تونچ گرت بۆچی هەلومەرجی یاسایی بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوەی بە شێوەی ڤیدیۆیی بێت لەبار نییە، بەڵام کە بە نوسراو بێت لەبارە و دەڵێت: "ئایا دەکرێت لە کاتێکدا ئۆجەلان پەیام بڵاو بکاتەوە کە هێشتا گۆشەگیری سەری هەڵنەگیرابێت؟ پەیامێکی لەو جۆرە تا چەند کاریگەر دەبێت؟ مادام داوا لە سەرۆک دەکەن پەیامی هەبێت، گۆشەگیرییەکەی سەری هەڵبگرن و چیتر ئەشکەنجەی مەدەن".
بەسێ هۆزات ڕەتی کردەوە ئۆجەلان هیچ ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری لەگەڵ تورکیا کردبێت و ڕەخنەی ئەوەیش لە گەورە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت کە هەر دەمیان دەکەنەوە دەڵێن با پەکەکە چەک دابنێت، کەچی لە ڕاستیدا بەردەوام لە درێژەدان بە شەڕ لە دژی پەکەکە.
هەر لەبارەی گوتەکانی یڵماز تونچ، دوێنێ تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وتی: "بەپێی زانیارییەکانمان بانگەوازەکە ڤیدیۆیی دەبێت. خۆ ئەگەر بە ڕاستیش ئەمە بۆ پرۆسەی ئاشتى بێت پێویستە بەم جۆرە بێت و دەرگاکان بکرێنەوە".
ناوبراو جەختیشیکردەوە، لە کەشێکدا کە مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت بانگەوازەکە ڤیدیۆییە یان نا، ناکرێت باس لە ئاشتی و کەشێکی دیالۆگی تەندروست بکرێت. ئەمە بەو واتایە دێت گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بەردەوامە.