كۆمپانیای نەوتی باكور رێككەوتنی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی لە كەركوك لەگەڵ كۆمپانیای (BP)ی بەریتانی واژۆ كرد.
ئاوێنە: كۆمپانیای نەوتی باكور رێككەوتنی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی كەركوكی لەگەڵ كۆمپانیا بریتش پترلیۆم(BP)ی بەریتانی واژۆ كرد. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی فیدراڵ ئامادەی مەراسیمی واژۆکردنی رێككەوتنەكە بوون.
هاوکات واژۆکرانەکە دوای رێككەوتن هات لەگەڵ كۆمپانیا (BP) سەبارەت بە پرسە هونەرییەكان و مەرجەكانی گرێبەستكردن، لەناویاندا مۆدێلی ئابووری پرۆژەكە پشتبەست بە ئەو یاداشتانەی لێكتێگەیشتن كەلە لەندەن و لەمیانی سەردانی ئەمدواییەی سودانیدا بۆ بەریتانیا واژۆكراون، بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق "گەرەنتی باشترین مەرج و بەرژوەندییەكانی گرێبەستیان بۆ لایەنی عێراقی تێدا كراوە، دوای دانوستانی ورد و دوورودرێژ لەگەڵ وەزارەتی نەوت، لەپێناو باشترین وەبەرهێنان لەبواری وزە و فەراهەمكردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكانی باكور و كەمكردنەوەی ئاشتی پشتبەستن بە نەوتی باشور، رێككەوتنەكەش قۆناغی كۆتاییە بەر لە واژۆکردنی گرێبەست بەشێوەی كۆتایی".
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، رێككەوتنەكە پەرەپێدانی چوار كێڵگە سەرەكییەكەی كەركوك (بای حەسەن - كەركوك بە هەردوو قوبەی (باباگوڕگوڕ و ئاڤانا) - جمبور- خەباز) لەخۆدەگرێت، بەو جۆرەی گەرەنتی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و چاككردنەوەو فراوانكردنی دامەزراوەكانی غاز لە كۆمپانیای غازی باكور و دروستكردنی وێستگەی كارەبا 400 مێگاوات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەم پرۆژە ستراتیژییە.
هەروەها نوسینگەی سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەم پرۆژەیە دەستی كار لە پسپۆڕییە جۆربەجۆرەكان دەڕەخسێنێت لەگەڵ بەكارخستنی كۆمپانیا ناوخۆییەكان و جێبەجێكردنی پرۆژە كۆمەڵایەتییەكان و پەرەپێدانی توانای كارامەیی سەرچاوە ئەندازیاریی و هونەرییەكان.