ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە دیمانەیەکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ هاوبەشە بیانییەکانیان و لەناویشیاندا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کانزا دەگمەنەکاندا لەو ناوچانەی ئۆکرانیا کە لەژێر دەسەڵاتی رووسیادان کاربکەن.
ئاوێنە: پوتن رەخنەشی لە بڕیارەکانی ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەبوارە سەربازییەکاندا گرت و بڕیارەکانی "بەبێ بنەما" ناوبرد و گوتی، "خەریکە دەبێتە کەسایەتییەکی ژەهراوی بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا".
ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا گوتیشی، "سەرۆکی ئێستای رژێمی کیێڤ خەریکە دەبێتە کەسایەتییەکی ژەهراوی بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، چونکە فەرمانی گاڵتەجاڕانە دەردەکات، کە بڕیاری سەربازی نین، بەڵکو سیاسین و لە هەمانکاتیشدا روون نییە لەسەر چ بنەمایەک دراون، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە و ناڕەوا، بگرە کارەساتباریش بۆ سوپای ئۆکرانیا. سەبارەت بە ناوچانەش کە ناویانناون ناوچە نوێکان، ئێمە ئامادەین لەگەڵ هاوبەشە بیانییەکانمان و لەناویانیشدا ئەمریکا کاربکەین بۆ سوود وەرگرتن لە کانزا دەگمەنەکان".