دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی ئیمارات و سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ئیمارات بە بەهای 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا ئەنجامدەدات، لەچەند بوارێکی جیاوازدا.
ئاوێنە: ماڵپەڕە جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، هەردوو وڵاتی ئیمارات و ئیتاڵیا لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا رێکەوتنیان لەسەر فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و دیبلۆماسییەکانیان ئەنجامداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە رێکەوتنەکەدا ئیمارات بە بەهای 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئیتاڵیادا ئەنجامدەدات، لەبەرامبەریشدا ئیتاڵیا کۆمەڵێک پڕۆژە لە ئیماراتدا جێبەجێدەکات، کە رێکەوتنەکانی هەردوو وڵات خۆیان دەبیننەوە لە: وەبەرهێنان لە کەرتی وزە، دامەزراندن و پەرەپێدانی کۆمپانیای پەیوەندیی، دامەزراندنی چەند پیشەسازییەکی تایبەت بە کەشتی و سیستەمی بانکی و داتا.
ئاماژە بەوەشدراوە، رێکەوتنەکان دوای سەردانی محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات بۆ وڵاتی ئیتاڵیا دێن، کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی وڵاتەکەی کرد و لەگەڵ “جۆرجیا مێلۆنی” سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەدا کۆبوونەوەی ئەنجامدا.