ئەمریكا سزای نوێی بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند
  2025-02-24       283       

ئەمریكا سزای نوێی بەسەر كەرتی نەوت و وزەی ئێراندا سەپاند، ئەوەش لەچوارچێوەی پەیڕەوكردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" لەدژی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ.

ئاوێنە: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ دوشەممە، نوسینگەی چاودێری كاڵا بیانییەكانی سەربە وەزارەتەكەیان و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، سزایان بەسەر زیاتر لە 30 كەسایەتی و كەشت و تانكەردا سەپاندوە، ئەوەش بەهۆی بونی رۆڵیان لە فرۆشتن و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێراندا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەوانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە پێكدێن لە سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیی ئێران، كۆمپانیای تێرمیناڵە نەوتییەكانی ئێران، كۆمەڵێك دەڵاڵی نەوت لە ئیمارات و هۆنگ كۆنگ، ژمارەیەك بەڕێوەبەر و بەگەڕخەری كەشتی و تانكەر لە هیندو چین كە نەوتی ئێرانیان گواستۆتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، كاری ئەو كەس و دامەزراوانە یارمەتیدەرن بۆ دابینكردنی پارە بۆ چالاكییەكانی ناسەقامگیركارەكانی ئێران كە بەرپرسیار بون لە باركردن و گواستنەوەی دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار.

سكۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا وتویەتی، ئێران بەردەوامە لە پشت بەستن بە تۆڕێكی ئاڵۆز لە كەشتی و تانكەرو دەڵاڵ و نێوەندگیر تا ئاسانكاری بۆ بكەن لە فرۆشتنی نەوتەكەیدا و پارەكەی لە چالاكییە تێكدەرەكانیدا بەكاربهێنێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەمریكا هەمو توانایەكی بەردەستی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ كردنە ئامانجی سەرجەم رەهەندەكانی هەناردەی نەوتی ئێران و هەر كەسێكیش مامەڵە بە نەوتی ئێرانەوە بكات، خۆی دەخاتە بەر مەترسیی سزای گەورە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، رێكارەكانی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای دو فەرمان بون كە كەرتی نەوت و پترۆكیمیایی ئێران دەكەنە ئامانج و گەڕی دوەمی سزاكانیشن كە فرشی نەوتی ئێران دەكەنە ئامانج لەدوای ئەوەی كە لە 4ی ئەم مانگەدا، سەرۆكی ئەمریكا یاداشتێكی سەرۆكایەتی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دەركرد كە تێیدا فەرمانی كردوە بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران و دابەزاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفر.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×