ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری قۆناغی راگوزەری سوریا، رایگەیاند، دانوستانەكانیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن و لەهەندێك وردەكاریدا ناكۆكییان هەیەو دەشڵێت، پێویستە پارێزگاری لە نهێنیبونی ئەو دانوستانانە بكەین بۆ ئەوەی سەركەوتو بن، چونكە زۆر لایەن هەن لە بەرژەوەندییاندا نییە دانوستانەكانمان لەگەڵ هەسەدە سەركەوتو بن، بەڵام ئێمە دەبێت گەشبین بین.
ئاوێنە: ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری قۆناغی راگوزەری سوریا، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سوریا كە ئەمشەو دوشەممە بڵاوكرایەوە، لەبارەی دانوستانەكانیان لەگەڵ هەسەدە وتی، دانوستانەكان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن، ئامانج لێیان گەیشتنە بە رێككەوتنێك كە سوریایەكی یەكپارچە هەبێت و چەكیش كۆنترۆڵكراو بێت، هەسەدە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەمە، بەڵام هەندێك ناكۆكی لەبارەی وردەكارییەكان هەن.
شەرع وتیشی، زۆربەی لایەنەكان، چ دەوڵەتانی ناوچەكە بن یان دەوڵەتانی جیهان، پشتیوانی لە بیرۆكەی یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەن و هەوڵەكان بۆ جیابونەوەو دابەشكردن رەتدەكەنەوە.
بەقسەی ئەحمەد شەرع تەنانەت ئەو وڵاتانەشی كە پشتیوانی لە دەسەڵاتدارانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەكەن، هاوڕان لەگەڵ دەوڵەتی سوریا لەسەر ئەوەی كە كۆنترۆڵی چەك لەدەست حكومەتی ناوەندیدا بێت.
لەبارەی ئەو وردەكارییانەی كە لەگەڵ هەسەدە ناكۆكن لەسەریان، ئەحمەد شەرع وتی"پێموایە دەبێت پارێزگاری لە نهێنیبونی ئەم دانوستانانە بكەین تا سەردەكەون، چونكە زۆر لایەن هەن لە بەرژەوەندییاندا نییە ئەم دانوستانانە سەركەوتوبن و بگەینە لەسەر شێوازێكی دروست رێكبكەوین، بۆیە پێموایە دەبێت بەجۆرێك لەجۆرەكان وردەكارییەكان ئەو گفتوگۆیانە بپارێزین و گەشبین بین."