هەسەدە ئیدانەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی منبج دەكات و دەشڵێت، هێزەكانیان ئامادەن ئەزمونی خۆیان بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە بخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئیدانەی تەقینەوە تیرۆریستییەكەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی منبج دەكەین.
ئەوەشی خستۆتەڕو، كولتوری بۆمبی چێنراو، تیرۆر، شەڕی نێوخۆی و پشێوی بەشێكی بنەڕەتییە لە كردەوەكانی گروپە بە كرێگیراوەكانی توركیاو ئەوەش ستراتیژییەتێكی نەگۆڕە كە ئەو گروپانە پەیڕەوی دەكەن بۆ ترساندنی خەڵك و رێگریكردن لێیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر ئەو دۆخە خراپەی كە منبجی پێدا تێدەپەڕێت لە دزی و تاڵانی و دەستدرێژیی گروپە چەكدارەكان.
وتوشیەتی، هێزەكانمان خاوەنی ئەزمونێكی فراوانن لە ئاشكراكردنی تاوانباران و ئامادەن ئەو ئەزمونەی خۆیان بخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق بۆ لێكۆڵینەوەو دۆزینەوەی لایەنە راستەقینە تاوانبارەكانی پشت ئەو جۆرە تەقینەوانە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەتەنیشت ئۆتۆمبێلێكی دیكەوە كە جوتیاری دەگواستەوە لەسەر رێگەیەكی سەرەكی لە دەوروبەری منبج تەقیەوەو بەپێی میدیای رەسمی سوریا بەهۆیەوە 15 كەس كوژراون كە 14یان ژنن و ئەویدیكەیان پیاو بوەو هەروەها 15 ژنی دیكەش برینداربون.