ئیلهام ئەحمەد: له‌گه‌ڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل قسه‌م كردوه‌ و قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بەهەموانە
  2025-02-02        

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارە خۆسەری باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، ڕایگه‌یاند، بەمدواییە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ گدیۆن سائر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل كردوه‌ و قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بەهەموانە، ده‌شڵێت، "لابردنی دەستەی تەرحریری شام لە لیستی تیرۆر دو مه‌ترسی هه‌یه‌".

ئاوێنە: ئەحمەد خەڵکی عەفرینە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانێکی دێرینی کوردی سوریایە، لە ساڵانی ڕابردودا وەک بەرپرسێکی کوردی سوریا بە "وردبین و کاریگەر" دەرکەوتوە، لە کۆبونەوەیەکی نافەرمیدا لە هۆتێلی نێودەوڵەتی ترەمپ لە ساڵی 2019، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بەڵێنی بە ئەحمەد دا کە دەستبەرداری کوردەکانی سوریا نەبێت.

ئیلهام ئەحمەد له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامەی جۆرنالیزم پۆست، ڕایگه‌یاند، "گەشبینین لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەسەرەتای ئەمساڵدا چەند هێرشێكی داعش هەبو لەناو ویلایەتە یەكگرتوەكان، هاوكات لە ناوچەكانی ئێمەش، هێرشەكانی داعش لە هەڵكشاندان، هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژاڤای كوردستان هانی داعش دەدات".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بەمدواییە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ گدیۆن سائر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل كردوه‌ و قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بەهەموانە، "دەبێت لەوە تێبگەن بەبێ‌ رۆڵی ئیسرائیل و گەلی یەهود، ناگەینە هیچ چارەسەرێكی دیموكراتی لە ناوچەكە".

ئیلهام ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌شكردوه‌، پێویستە ئیسرائیل بەشێك لە چارەسەری ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ هەڵكشانی پێشوییەكان لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق.
 
په‌یوه‌ست به‌ لابردنی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام له‌ لیستی تیرۆر وتی، "لابردنی دەستەی تەرحریری شام لە لیستی تیرۆر دو مه‌ترسی هه‌یه‌، یه‌كه‌میان، دەستەی تەحریری شام دەست بەسەر تەواوی جومگەكانی دەسەڵاتدا دەگرێت و سیستمی تایبەتی خۆی دادەمەزرێنێت، دوه‌میان، هیچ رۆڵێك نادات بەهێزەكانی دیكه‌ و ئایدۆلۆجیای خۆشی ناگۆڕێت".

ئه‌و رونیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كێشەیان نیە لەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێك بێت لە وەزارەتی بەگری و سوپای فەرمی سوریا، بەڵام دۆخێكی تایبەتی هەبێت، پێویستە بەشداری هەبێت لە سەركردایەتیكردنی تەواوی سوپادا. 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ڕونە کە ئەگەر قەیرانێک لە نێوان هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ی نوێی سوریا سەرهەڵبدات ڕۆڵی ئەمریکا زۆر گرنگ دەبێت، به‌تایبه‌تی كه‌ واشنتن هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كیی هه‌سه‌ده‌یه‌.
 
له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی له‌ لایه‌ن رژێمی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌، ده‌ڵێت، "رژێمی ئەسەد چەند سالێك لەمەوبەر لە لوبنان دەستگیری كردم، دو مانگ لە زیندان بوم، بەشێوازی لێكۆڵینەوە كردن لەگەڵم و زلە لێدانم، حەقیقەتی رژێمی ئەسەدم ناسی، دەمزانی تا ئەو لە دەسەڵات بێت هیچ كەس ناتوانێت بچوكترین مافی ئازادی هەبێت".
 
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، لە ئێستادا نزیکەی 30%ی خاکی سوریای کۆنتڕۆڵکردوە، ناوچەی کۆنتڕۆڵکردنی دیفاکتۆی ئەو وڵاتە بەشێکی زۆری نەوت و غازی سوریا و بەشێکی زۆری لە باشترین زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە ئاوییەکانی لەخۆدەگرێت.

پێش ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، هەسەدە وەک بەربەستێکی لەبەردەم توانای ئێران بۆ جوڵاندنی شەڕکەر و کەرەستە بەرەو لوبنان و دەریای ناوەڕاست کاری دەکرد، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە هێزی سەربازی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریایه‌، هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا و ئه‌وروپایه‌ لە شەڕی بەردەوامی دژی داعش.
 
ڕوخانی کتوپڕی ڕژێمی ئەسەد لە مانگی کانونی دوەمی 2024، کۆمەڵێک بژارده‌ی نوێ دەخاتە بەردەم ئیدارەی خۆسەر و هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌، کوردەکانی سوریا بە باشی ئاشنای جیهادییە سوننەکانی ڕێکخراوی هه‌یئه‌ی تەحریر شام (HTS)ن کە ئێستا لە دیمەشق حوکمڕانی دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×