بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی نوێژی بەیانی عومرەکارێکی کورد، دوای تێکچوونی دۆخی تەندروستی گیانی لەدەستدا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، ٣ی شوباتی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند: هاووڵاتیی محەممەد عەبدولغەفوور یاسین، دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە بە مەبەستی عومرە سەردانی سعوودییەی کردبوو؛ لە شاری مەددینە کۆچی دوایی کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، عومرەکارەکە تەمەنی سەرووی 60 ساڵە، هیچ نەخۆشییەکی نەبووە؛ لە کاتی نوێژی بەیانی، تەندروستی تێک چووە و دوای ئەوەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، گیانی سپاردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ڕەزامەندیی خانەوادەی ئەو عومرەکارەی زاخۆیان وەرگرتووە تاوەکوو هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 03-02-2025، لە گوڕستانی (بەقیع) لە شاری مەددینە، بەخاکی بسپێرن.