وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كۆتایی دۆسیەی نەوت و داواش دەكات وەزارەتی نەوتی عێراق كار بكات بۆ جێبەجێكردنی یاساكە.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە تێچونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کوتایی دۆسێی نەوت دەزانێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت لە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كار بۆ جێبەجێكردنی یاساكەو تێپەڕاندنی تەواوی کێشەکان و ئامادەکردنی رێكارە تەكنیكییەكانی بكات.