مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، حزبەكەیان پشتیوانێكی راستوڕەوانی هەمو داخوزاییەكی رەوای مامۆستایان و چین و توێژێكی كوردستان كە داكۆكی لە موچەو گوزەرانی سەربەرزانەی خۆیان دەكەن. دەشڵێت، دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی موچە هیچ بیانویەک هەڵناگرێت.
ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانێکی ڕاستوڕەوانی هەمو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەمو چین و توێژێکی کوردستانە کە داکۆکی لە موچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن."
وتوشیەتی، هەر لەم چوارچێوەیەدا بافل تاڵەبانی، سەرۆكی حزبەكەیان کۆتایی بە سەفەرەکەی لە ئەمەریکا هێنا "بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری یەکجارەکی ئەم ئیستحقاقەی هاوڵاتیان بکات."
مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەشداوە "پێمان وایە مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانی، لە پێناو موچەو قوتی منداڵەکانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە ویستێکی مەدەنی دادپەروەرانەیە، چونکە دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی موچە هیچ بیانویەک هەڵناگرێت."
جەختیشی كردۆتەوە كە "یەکێتی وێرای داکۆکی لەم داخوازییە مەدەنیانەو پشتیوانی و شانازیی بەم فەزا ئازادییە شایانەی لە دەڤەرەکە هەیە، تەئکید دەکاتەوە خەباتی مەدەنی و داخوازی مامۆستایان داخوازییەکی سەرتاسەری کوردستانی و عێراقییەو پێویستە چارەسەرییەکەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی بەدواوە بێت."
وتوشیەتی"هەرگیز رەوا نییە کۆمەڵانی خەڵک لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنی ئیستحقاقێکی هاوڵاتێتی ئاساییدا بە بارمتە وەربگیرێن. پێویستە ئەم کێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەکجاری و لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت."
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانێکی ڕاستوڕەوانی هەمو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەمو چین و توێژێکی کوردستانە کە داکۆکی لە موچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی کۆتایی بە سەفەرەکەی لە ئەمەریکا هێنا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری یەکجارەکی ئەم ئیستحقاقەی هاوڵاتیان بکات .
وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانی، لە پێناو موچەو قوتی منداڵەکانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە ویستێکی مەدەنی دادپەروەرانەیە، چونکە دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی موچە هیچ بیانویەک هەڵناگرێت. بەتایبەتی کە بڕیارەکانی دادگای ئیتحادی لە سەر ئیستحقاقی موچە رون و ئاشکران و پێویستە ئەم ئیلتیزامە هاوبەشەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕالی دور لە دەستشکاندنەوەی سیاسیی جێبەجێبکرێت.
یەکێتیی وێرای داکۆکی لەم داخوازییە مەدەنیانەو پشتیوانی و شانازیی بەم فەزا ئازادییە شایانەی لە دەڤەرەکە هەیە، تەئکید دەکاتەوە خەباتی مەدەنی و داخوازی مامۆستایان داخوازییەکی سەرتاسەری کوردستانی و عێراقییەو پێویستە چارەسەرییەکەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی بەدواوە بێت. هەرگیز رەوا نییە کۆمەڵانی خەڵک لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنی ئیستحقاقێکی هاوڵاتێتی ئاساییەدا بە بارمتە وەربگیرێن.
پێویستە ئەم کێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەکجاری و لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣-٢-٢٠٢٥