وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕاون دەكرێت لە نزیكترین كاتدا بەغدا تەمویلی موچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم بخاتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتەكەیان و بە گەیشتنی تەمویلەكەش راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی موچە دەكەن.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوشەممە، دوای 15 ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتەكەیان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دواجار توانرا هەردولا لەسەر شایستەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
ئاماژەی بەوەشداوە، تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی موچەی مانگی یەکی ساڵی (2025)ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەمویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.
دەقی راگەیەندراوەكە:
شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی موچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن
دوای 15 ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردولا لەسەر شایستەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
هاوکات لە کۆبونەوەیەکدا کە ڕۆژی دوشەممە 3ی شوباتی 2025، لەبینای ئەنجومەنی ئابوری عێراق بەڕێوەچو، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی و ئابوری و ئامادەبونی هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغداو خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لەئەنجومەنی وەزیران بەڕێوچو، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و خاتو تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکارو هەماهەنگ و پشتیوان بون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێكکەوتن.
لەلایەکی ترەوە شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکارو پشتیوان بون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی موچەی مانگی یەکی ساڵی (2025)ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەمویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.
شایانی باسە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دوپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردو لەبواری لیستی موچەو خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دوبارە نەبنەوە و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی موچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە موچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری
3ی شوباتی 2025