وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئێمە وەك نوێنەری هەندێك سەركردەی دژە كورد سەیری بەشێك لە مانگرتوانی سلێمانی دەكەین.
ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی وتی"بەشێكی ئەوانەی ئێستا لە سلێمانی لەژێر خێمەدان، ئەوانەن كە خۆپیشاندان و جادەگرتنیان بۆ ئەوە بو كە ئێمە بچین لە بەغدا موچە وەربگرین. هەندێك دەموچاوی تێدایە ئەوەندە باوەشیان كردوە بە كۆمەڵێك سەركردەی بێزراوی میلیشیا عێراقییەكاندا رەنگی ئەوانیان گرتوە، ئەمانە لەكوێ نوێنەری مامۆستان."
بەبڕوای پێشەوا هەورامانی "بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان بەناوی پشتگیری و پشتیوانییەوە دەستوەردەدەنە ئەم بابەتە بۆ لێدان لە حكومەتی هەرێم و دەچن لەوێ خۆیان نمایش دەكەن و لێدوان دەدەن، بەڵام كاتێك دێتە سەر رۆژی حەق و حساب، كەسیان لە گۆڕەپانەكە بونیان نییە بێن بەرامبەر وەفدی باڵاو وەفدەكانی دیكەی حكومەتی فیدراڵ داوای هەقی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم بكەن."
وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتیشی"ئێمە ئەم سیناریۆیانەمان پێشتر بینون، بەشێك لەوانە كاندید دەبن بۆ پەرلەمان و بەشێكیان لیست و حزب دروست دەكەن، لەسەر شانی هەست و سۆزی خەڵكی فەقیرو هەژار و مامۆستایان خۆیان دەوڵەمەند ئەكەن و لە پۆستێكی باڵای ئەم وڵاتەدا خۆیان دەبیننەوە."
پێشەوا هەورامانی جەختیشی كردەوە "ئێمە بەشێك لەو مانگرتوانە وەك نوێنەری هەندێك لە سەركردەی دژە كورد سەیریان دەكەین."