"پەرلەمان بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی‌و یەکێتییەوە تا ئایندەیەکی نادیار پەکخراوە"
  2025-02-01       595       

دوای ئەوەی سەرۆکی تەمەن دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، ئەندامێکی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئاوێنە ئاماژە بەوە دەکات، کە دانیشتنەوەی پەرلەمان وەستاوە لەسەر رێککەوتنی یەکێتی و پارتی و "ئەگەر هەیە مانگێکی دیکەش پەرلەمان کۆنەبێتەوە‌و بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی‌و یەکێتییەوە پەرلەمان پەکخراوە".

 

ئاوێنە: د.فاتیح سەنگاوی، ئەندامی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دانیشتنەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی، بەئاوێنەی راگەیاند "دانیشتنەکە وەستاوە لەسەر یەکێتی و ئەوانەی کە زۆرینەی پەرلەمانن، وە تا لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی رێکنەکەون دەستەی پەرلەمانیش کۆببێتەوە سودی نییە، چونکە کەمینەکە کۆدەبێتەوە".

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان وتیشی "تاوەکو ئێستا سێجار کۆبوینەتەوە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئاستی ئەوەی کە بوترێت "نیسابی قانونی" واتە نەگەیشتووتە ئەوەی دانیشتنەکە شەرعیەت وەربگرێت کە ٥٠+١ بێ، بۆیە ئەمجارە کاک ئازاد محەمەد ئیدارەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان دەدات، بەڵام ئەو دانیشتنە ناکرێت تا ئەو کاتەی کە یەکێتی و پارتی رێکنەکەون".

لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەیە ئەو کۆبونەوەیە مانگ بخایەنێت و پەرلەمان زیاتر لەمانگێک ئیفلیج بێت؟ د. فاتیح سەنگاوی ئاشکرایکرد "بەڵی ئەگەری هەیە، چونکە دانیشتنی بەشی دووەم بۆ دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی هەرێمە ئەوکاتەش دەبێت زۆرینە ئامادە بێت زۆرینەش یەکێتی و پارتین کە ئامادەش نەبوون کەواتە دانیشتنەکەش ناکرێت، بەدڵنیایەوە ئەگەری دواکەوتنی هەیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکێتی و پارتی لە دانوستاندان و سەرقاڵی دابەشکردنی پۆستەکانن، هەروەها دەشڵێت "ئیتر ئایا مانگی دوو رێکدەکەون یان نا نازانین! بەڵام یەکسەر بەدوایدا سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×