ئەمەریكا لەبارەی دەستبەكاربوونی ئەحمەد شەرع وەك سەرۆكی كاتیی سوریا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند
  2025-01-31       1037       

لەیەكەم لێدوانی ئەمەریكا لەبارەی ئەوەی ئەحمەد شەرع خۆی وەكو سەرۆكی كاتیی سوریا ناساند، وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند "چاودێری دوایین گۆڕانكارییەكانی سوریا دەكەین و داوا دەكەین قۆناغی ڕاگوەزەری سیاسی گشتگیر بێت".

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە كەناڵی "حورڕە" ی وتووە "ئەوەی گرنگە ڕێگریكردنە لەوەی سوریا ببێتە سەرچاوەیەك بۆ تیرۆری نێودەوڵەتی و لایەنە بیانیەكان توانای ئەوەیان نەبێت گۆڕانكارییەكانی سوریا بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە تایبەتەكانیان".

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئیدارەی نوێی سوریا ئەحمەد شەرعی وەك سەرۆكی كاتیی سوریا دیاریكرد، ئەمەش دوای كەمتر لە دوو مانگ لە ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا.

ئیدارەی نوێی سوریا چەند بڕیارێكی دەركردووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپەكان و هەروەها سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو، جگە لە هەڵپەساردنی دەستور و ئەنجومەنی گەلی حزبی بەعس.

هەڵوێستەكەی ئەمەریكا كە نەدانی پێداناوە و نە ڕەتیكردووەتەوە لەكاتێكدایە، هەریەك لە سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، عوممان و ئوردن پێشوازییان لە دەستبەكاربوونی ئەحمەد شەرع وەك سەرۆكی كاتیی سوریا كرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×