یه‌ک شه‌ممه‌, 02 ی ئازار , 2025
ئایکۆنی دارەسووتاوەکە، ٣٤ ساڵە لەپەنا دیوارێکدا پیاز دەفرۆشێت
  2025-01-31       6078       
هەموو گەنجێتیم لەپەنا ئەم دیوارەدا لەپیاز فرۆشتندا بەسەربردو لەپیازفرۆشتنیشدا سەرم سپی کرد

ئا: محەمەد هاوژین

 

بەهادین، ٣٤ ساڵە هەموو رۆژێک لەبەیانییەوە تا ئێوارەیەکی درەنگ، کاسبکارێک لەهەمان ئەو شوێنەدا کە لەتەمەنی ١٨ ساڵییەوە دەستی بەمیوەفرۆشیی کرد، لەپەنا دیوارێکی کۆڵانی سەرەکی دارەسووتاوەکە پیاز دەفرۆشێت، ئەو دەڵێت "رۆژێک نەیەمە پاڵ ئەم دیوارەو پیاز نەفرۆشم، نەخۆش دەکەوم".

 

سامان، پیاوێکی باڵابەرزی باریکەلەی تەمەن ٥٥ ساڵەو چەند رۆژیکە لەوڵاتی سوید گەڕاوەتەوە، پێش ئەوەی ٣٢ ساڵ لەمەوبەر کوردستان بەجێبهێڵێت، لەو کۆڵانەی ناو بازاڕی سلێمانی‌‌و سەروو مزگەوتی گەوردا کە دەچێتەوە سەر دارەسووتاوەکە میوەی دەفرۆشت، ئەو بەسەرسامییەوە باس لەوە دەکات کە گەڕاوەتەوە ئەم شوێنەو سەرنجی داوە زۆرێک لەروخسارو کەسەکانی ئەم کۆڵانەی پڕە لەمیوەفرۆش‌و مریشکفرۆش‌و وردەواڵەفرۆش گۆڕاون، تەنها شتێک وەک خۆی‌و لەجێی خۆی مابێت‌و نەگۆڕ بێت بەهادینی پیازفرۆش بووە، ئەو بەئاوێنەی وت "٣٢ ساڵ لەمەوبەر کە کوردستانم بەجێهێشت، بەهادین لەسەر ئەو کورسییە دانیشتبوو میوەو پیازی دەفرۆشت، دوای ٣٢ ساڵیش کە لەئەوروپا گەڕامەوە، بەهادینم هەر لەسەر ئەو کورسییەو لەپەنا ئەو دیوارەی دارەسووتاوەکەدا بینییەوە دانیشتووەو پیاز دەفرۆشێت، وەک ئەوەی زەمەن وەستا بێت".

وتیشی "ئەوەندەی سەرنجم داوە، بەشێک لەگەنجان هەموو کات‌و تەمەنیان لەیەک شوێنی دیاریکراودا کۆتایی دێت‌و لەسەر یەک ریتمی ژیان دەڕۆن‌و بەردەوام دەبن‌، کە دەیانبینی وا هەست دەکەیت کات لەیەک شوێن‌و لەیەک ساتەوەختدا وەستاوە، بەهادین یەکێکە لەو نمونانە، کە وەک ئایکۆنی میوەفرۆشەکانی دارەسووتاوەکەی لێهاتووە".

بەهادینا لەکاتی پیازفرۆشتندا

دارەسووتاوەکە یەکێکە لەشوێنە قەرەباڵغەکانی ناو بازاڕی سلێمانی، کە ڕۆژانە لەبەیانییەوە تا ئێوارەیەکی درەنگ‌و هاتنی تاریکی‌و شەو، جمەی دێ‌و سەدان‌و بگرە هەزاران رێبواری پێدا تێدەپەڕێت.

  

بەهادین مەحمودی (تەمەن ٥٢ ساڵ)، یەکێکە لەو میوەفرۆشە رووخۆشانەی کە سەرنجی زۆربەی ئەو رێبوارانەی راکێشاوە چەند ساڵێکە بەکۆڵانی سەرەکی دارەسووتاوەکەدا دێن‌و دەچن.   

بەهادین لەسەر مێزێکی ئاسنی دوو مەتری، سێ جۆرە پیازی داناوەو چەندین عەلاگەو کارتۆنە بەتاڵ‌و خرتکەو پرتکەی لەپەنا خۆی‌و بەردەم دیوارە کۆن‌و رەنگ کاڵەوەبووەکەشدا ریز کردووە، ئەو بەئاوینەی وت "٣٤ ساڵە مەگەر چۆنها یان بەناچاری نەیانهێشتبێت، ئەگینا هەموو رۆژێک هاتوومەتە ئێرە، یەکەمجار کە هاتم ئەم کۆڵانە تاک‌و تەرا دوکانی تیا بوو، هەمووی ماڵ بوو، هێشتا نەببوو بەبازاڕ، ئەوکاتە لەناوەڕاستی کۆڵانەکەدا میوەفرۆشەکان عەرەبانەو مێزیان دادەناو میوەو شتیان لەسەر دەفرۆشت، ئێستا لەمسەرەوە تا ئەوسەری کۆڵانەکە تاک‌و تەرا ماڵی تیا ماوە هەر تیاشیدا نەماوە، تیاشی مابێ بەردەمەکەی گیراوەو میوەو شتی تیا دەفرۆشرێت".

وتیشی "تازە من بەم شوێنە راهاتووم، بمبەن بۆ هەر شوێنێکی تر وەک ئێرە هەست بەخۆشی‌و ئارامی‌ ناکەم، رۆژێک کە نەیەمە پاڵ ئەم دیوارەو پیاز نەفرۆشم، هەستدەکەم شتێکم لێونبووەو رەنگە نەخۆش بکەوم".

بەهادین باس لەوە دەکات کە لەماوەی ئەم ٣٤ ساڵەدا، لەڕێگەی پیازفرۆشتنەوە پێنج منداڵی بەخێوکردووەو گەورەکەشیان خوێندنی ماستەری تەواو کردووە، ئەو وتی "من لەم گوزەرەدا پیاز نەبێت هیچی تر نافرۆشم، لەبەرئەوەی هەموو رۆژێک نەچم بۆ عەلوەو هەفتەی جارێک دەچم، تاقەتی ئەو هاتوچۆیەم نییە".

وتیشی "جاران بازاڕو ئیشوکارمان زۆر باش بوو، رۆژی وابوو ٢٠٠ کیلۆم فرۆشتووە، بەڵام چوار پێنج ساڵە لەکرۆناکەوە تا ئێستا بازاڕ باش نییە، ئێستا رۆژی وایە لەبەیانییەوە تا ئێوارە ٢٠ کیلۆ دەفرۆشم، نەبازاڕ وەک جاران ماوەو نەپاسیش وەک جاران ماوە، جاران پاس بەرنەدەکەوت، بەتایبەتی ئێواران، ئێستا ڕۆژە ناڕۆژێک ئیش دەکەن‌و نەفەریش نییە، بازاڕ هەر قەرەباڵغییەو هیچی تر".

لەگەرمەی ئەم قسەو باسانەدا، بەهادین وەک هەموو رۆژێکی ئەم ٣٤ ساڵەی ژیانی کە تێپەڕی، زوو زوو جۆری پیازەکانی بۆ کڕیاڕەکانی رووندەکاتەوە، دەستی بۆ لای پیازە مۆرەکە رادەکێشاو دەیوت ئەمیان شیرینە بۆ لەفەو زەڵاتە خۆشەو بەکاڵی دەخورێت، پەنجەی بۆ زەردباوەکە رادەکێشاو دەیوت ئەمیان کەمێک تیژو تونە بۆ هەموو جۆرە خواردنێک دەشێت، پاشان دەستی بۆ سپییەکە رادەکێشاو دەیوت ئەمەیان هی چێشتلێنانە.

بەهادین دەربارەی ژیانی خۆی بەدەم پێکەنینەوە وتی "ئەمە ژیانەکەمە؟! خوا نەیبڕێ، هەروا دەبێت لەم وڵاتەدا، هەموو گەنجێتیم لەپەنا ئەم دیوارەدا بەسەربردو لەپیازفرۆشتندا سەرم سپی کرد، عەیبی نییە".

لەڕێگەی پیازفرۆشتنەوە پێنج منداڵی بەخێوکردووەو گەورەکەشیان لەزانکۆ ماستەری تەواو کردووە

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×