دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: لە زیندانی ئاسایشی رانیە پێشێلكاری هەیە
  2025-01-31       188       
ئەو وەفدەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ كە چونەتە رانیە بۆ بەدواداچون

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم رایگەیاند، لە زیندانی ئاسایشی رانیە پێشێلكاری هەیەو بە مەبەستی بەدواداچون وەفدێكی دەستەكەیان بەسەرۆكایەتی سەرۆكی دەستەكە ویستویانە سەردانی زیندانەكە بكەن بەڵام رێگرییان لێكراوە.

ئاوێنە: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دوای ئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندیی تایبەتەوە لەتۆڕی کۆمەڵایەتییەوە ئاگادارکراینەوە لەبونی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەناو زیندانیانی ئاسایشى ڕانیە، بۆ ئەو مەبەستەو بۆ بەدواداچون دوێنێ پێنجشەممە وەفدێکی دەستە کە بە سەرۆكایەتی سەرۆکی دەستە بە ڕێکەوتن بۆ ئەوێ تا لە نزیکەوە ڕاستییەکان بزانین و تاوەکو ئێستاش لە ڕانیەن.

دەستەكە وتوشیەتی، دوای پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشی ڕاپەڕین، جەنابیان ڕودانی پێشێلكارییەكانی پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند، ڕێکارى یاسایى لەبەرامبەر ئەنجامدەران گیراوەتە بەر.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەڵام لەکاتێکدا ویستمان خۆمان سەردانی زیندانەکانی ناو ئاسایش بکەین، بەداخەوە کە ڕێگەیان نەدا بچینە ناو بیناى ئاسایشەوە یان تەنانەت لە نزیکیشەوە ڕێگەیان نەدا وێنە بگرین، لە بەرئەوە وەفدەكەمان نەیانتوانى هیچ شتێك لە بارەى دۆخى زیندانییەکانەوە بزانن.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەداوە، ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ئەرکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە بەدواداچون بۆ پێشیلکارییەکان بکات لەهەرکوێ بێت و لەسەر دام و دەزگاکانی هەرێمە هاوکاربن و ئاسانکاری بکەن بۆ تیمەکانی دەستەو نابێ ڕێگربن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو ڕوداوەو ڕێگری لەسەرۆکی دەستە پێشهاتێکی خراپەو تەواو پێچەوانەی ئەرک و پابەندییەکانی ئەو دەزگایەیە بەرامبەر سەرۆکی دەزگایەکی باڵای سەربەخۆی هەرێمی کوردستان.

جەختیشی كردۆتەوە، لای خۆمانەوە ئەو ڕێگرییە ئیدانە دەکەین هیوادارین لایەنی بەرپرس بەدواداچونی جددی و لێکۆڵینەوە بکات و ئەوەشی ڕودەدات لەناو ئەو زیندانیانە لەهەر حاڵەتێکی پێشێلکاری، کە بەداخەوە نەمانتوانی بەدواداچون بکەین، ئەوە لەئەستۆی خۆیانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×