جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی عێراق داوای گۆڕینی لیستی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق، داوای کردووە لیستی ناوی فەرمانبەرانی مۆڵەتی بێمووچە و کاتی دەستبەکاربوونەوەیان تۆمار بکرێت و بۆیان بنێردرێت و شەوی رابردوو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکان سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە بوون بۆ ناو لیستی مووچەی مانگی یەک، کە مۆڵەتی بێ مووچەن.
بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە" هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکان کارەکانیان تەواو کردووە، بەغداد دەیەوێت بزانێت ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەن کەی دەوام دەکەنەوە، چونکە دەبێت بەگوێرەی ئەوە، پارە بۆ مووچەی مانگی یەک ئامادە بکرێت".
وتیشی" بابەتەکە رێکارێکی ئاسایی و کارگێڕییە، مانگانە گۆڕانکاریی هاوشێوە ڕوودەدەن و کاریگەرییان لەسەر دواکەوتنی مووچە نابێت".
ئەوە لەکاتێکدایە، تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەوان پارەیان ناردووە و بەرپرس نین لەو مووچەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە و رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچە نەنێردراوە.