دیاردەی (کاک دکتۆر)!
  2025-01-29       3874       

گەشبیر ئەحمەد

 

هەمیشە میدیاکاری نەزان و دەبەنگەوە بەم پێشگرە میوانەکەی بانگ دەکات و پرسیاری ئاڕاستە دەکات، هەروەها بەردەوام لەسەر زاری خەڵکی خۆ بەکەمزان و گەمژە دەیبیستیت. یەعنی چی کاک دکتۆر؟ ئەم پێشگر و پاشگرانە چییە خەڵک بۆخۆی زیادی ئەکات؟ شوناسێکی هەڵە و زیادەی زمانەوانییە...

ئاخر تۆ قەت بیستووتە بڵێن: کاک دارتاش، کاک پارێزەر، کاک ئەندازیار، کاک بەقاڵ، کاک نانەوا، کاک مامۆستا... ئیتر تۆ بۆ ئەبێت بڵێیت [کاک دکتۆر]! هەر بەجدی ئەمە ئیتر ئەوپەڕی سوکایەتییە بە ئەزموون و ماندووبوونی کەسێکی ئەکادیمی کە ساڵانێک هەوالی داوە. لەباتی ئەوەی بڵێیت: [دکتۆر دانا] دەڵێیت: [کاک دکتۆر دانا]! بێگومان ئەمەش وەهمێک بۆ دکتۆر دانا دروست ئەکات و ئیتر حەز دەکات پێێ بڵێن (کاک دکتۆر دانا) جا تۆ هەرگیز نەتبینیووە و ناشبینیت کە دکتۆرێک بەکەسی بەرامبەری بڵێت حەز ناکەم ئاوا بانگم بکەیت؟ نا بە پێچەوانەوە ئەویش شاگەشکەیە بەو پێشگرە و حەزەکات زیاتر تەشەنە بکات. لەڕاستییدا ئەمە ئەوپەڕی بێڕێزییە بەرامبەر بە زمانی دایک.

لە یادمە ساڵی ٢٠٠٦ لە زانکۆی داربی، لەوانەی مامۆستایەکم تێنەگەیشتم، دوای ئەوەی وانەکە تەواو بوو چووم بۆ ئۆفیسەکەی و مۆڵەتی چوونە ژوورەوەم وەرگرت. پاش سوپاسم کردن وتم: دکتۆر ستیڤ.. یەکسەر ڕایگرتم، وتی حەز ئەکەم هەر بە ستیڤ بانگم بکەیت! ئەمە لە کاتێکدا ئەو پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بوو! ئەو خەکەڕاییەی شۆکی کردم. بەڵێ ئەو ڕۆژە یەکێک لە هەرە جوانترین وانەکانی ژیانم فێر بووم.

هیوادارم ئیتر مرۆڤەکان لەئاستی خۆیان تەمەشا بکرێن و لە قەبارەی خۆیان گەورەترین نەکرێن، تۆش وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی ئەوەی وتی: [کاک دکتۆر] یەکسەر ڕایگرە و بۆی ڕاست بکەرەوە، هەروەها میدیاکار و خەڵکانی دیکەش وشیاربکەنەوە لەبەکارهێنانی پێشگر و پاشگرەکان.

هەندێک لەو بەناو دکتۆرانە زوو زوو سیمینار و بەرنامە پێشکەش ئەکەن، هەموو نموونەکانیشیان ئاوایە، ئافرەتێک هات بۆلام وتی: کاک دکتۆر! زۆربەی کات ئەم کەسە هەم دکتۆری دەروونییە و هەم بانگخوازیشە، بڕوا بکەن خۆی پێویستی بە چارەسەری دەروونییە، ئێ ئەگەر میوانێکیشیان هەبێت بەویش هەر ئەڵێن کاک دکتۆر! ئیتر هەندێک وشە و چەمکی بیانی بەکار ئەهێنێن لە کاک دکتۆرەکەی بێزارکەرترە. جا ئەوانەی کە (پی هێچ دی)یان هەیە (دکتۆرا، مامۆستا زانکۆ) هەر وێرانن، تەبعەن ئەم جۆرەیان لە پزیشک زۆر خراپترن، ئیتر کاتێک لەبەرنامەیەکدا بەشداری دەکەن [کاک دکتۆر] لەو بەرنامەیەدا ئەبارێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×