ئەحمەد شەرع كرایە سەرۆك كۆماری سوریا
  2025-01-29       603       

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەی "راگەیاندنی سەركەوتنی شۆڕشی سوریا"دا كە بە ئامادەبونی بەشێكی زۆریی فەرماندەی گروپە چەكدارەكان لە سوریا بەڕێوەچو، چەند بڕیارێك دەركران لەوانە دانانی ئەحمەد شەرع بە سەرۆك كۆماری سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر.

ئاوێنە: عەقید حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا، ئەمشەو چوارشەممە، راگەیەندراوی كۆنگرەی "راگەیاندنی سەركەوتنی شۆڕشی سوریا"ی خوێندەوە.

عەقید حەسەن عەبدولغەنی وتی"سەركەوتنی شۆڕشی مەزنی سوریا رادەگەیەنین، 8ی كانونی یەكەمی هەمو ساڵێك، رۆژی نیشتمانی دەبێت."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆنگرەكەدا كۆمەڵێك بڕیاردراون لەوانە:

-هەڵوەشاندنەوەی كاركردن بە دەستوری ساڵی 2012 و راگرتنی كاركردن بە سەرجەم یاسا نائاساییەكان.

-هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی سەردەمی رژێمی روخاو و ئەو لیژنانەی لەلایەن ئەو پەرلەمانەوە پێكهێنراون.

-هەڵوەشاندنەوەی سوپای رژێمی پێشو و بونیادنانەوەی سوپای سوریا لەسەر بنەما نیشتمانییەكان.

-هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دەزگا ئەمنییەكانی سەربە رژێمی پێشو بە هەمو لق و ناوە جۆراجۆرەكانیانەوە لەگەڵ سەرجەم ئەو میلیشیایانەی كە لەسەردەمی رژێمی پێشو دروستكراون و هەروەها دروستكردنی دامەزراوەیەكی ئەمنی نوێ بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان.

-هەڵوەشاندنەوەی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی و حزبەكانی بەرەی نیشتمانی پێشكەوتنخواز و ئەو رێكخراو و دامەزراوەو لیژنانەی پاشكۆی بون لەگەڵ قەدەغەكردنی دروستكردنەوەی ئەو حزبە لەژێر هەر ناوێكی دیكەداو سەرجەم موڵك و داراییەكانیشی دەبنە هی دەوڵەتی دەستوری.

-سەرجەم گروپە سەربازییەكان و پێكهاتە شۆڕشگێڕییە سیاسی و مەدەنییەكان هەڵدەوەشێنرێنەوەو تێكەڵ بە دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكرێن.

-ئەحمەد شەرع سەرۆكایەتی وڵات بۆ قۆناغی راگوزەر وەردەگرێت و بە ئەركی سەرۆكایەتی كۆماری سوریای عەرەبی هەڵدەسێت و لە كۆڕو كۆبونەوە نێودەوڵەتییەكاندا نوێنەرایەتی دەكات.

-سەرۆك كۆمار راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنێكی یاسادانان (پەرلەمان)ی كاتی بۆ قۆناغی راگوزەر كە تاوەكو پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی وڵات و چونە بواری جێبەجێكردنی، ئەو ئەنجومەنی یاسادانانە بە ئەركەكانی خۆی هەڵدەستێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×