هەسەدە بانگەشەیەكی وەزارەتی بەرگریی توركیا بە درۆ دەخاتەوەو دەشڵێت، لەماوەی 30 رۆژی رابردودا بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە لە رۆژئاوای كوردستان، 40 هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، وەزارەتی بەرگریی توركیا، هەواڵێكی درۆی بڵاوكردۆتەوە كە گوایە دوێنێ 14 شەڕڤانی ئێمە لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كوژراون، ئەو بانگەشانە درۆن و دوێنێ هیچ شەڕڤانێكی ئێمە شەهید نەبوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەم هەواڵە درۆیانەی توركیا بۆ داپۆشینی ئەو تاوانەن كە دوێنێ لە ئەنجامی بۆردومانكردنی بازاڕێكی میللی لە شارۆچكەی سێرین لە باشوری كۆبانێ لە هێرشێكی ئاسمانی توركیادا 12 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا كە زۆرینەیان منداڵ بون و ناوەكانیان تۆماركراون.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەی شەهیدانی مەدەنی لەمیانی هێرشە ئاسمانییەكان و تۆپبارانەكانی توركیادا لەماوەی 30 رۆژی رابردودا بۆ سەر ناوچەكانی زركان، عەین عیسا، سێرین و بەنداوی تشرین بۆ 40 شەهید بەرزبۆتەوەو زیاتر لە 270 هاوڵاتی مەدەنی دیكەش بەهۆی ئەو هێرشانەوە برینداربون.