قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و هیوای خواست وەفدەكە بتوانێت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پرسی بودجەو موچە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی كۆبونەوەیەكیدا هاتون لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كە تێیدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کراون.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە تەوەرێکی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەمبارەیەشەوە جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەیدا بەوەی کە :"بڕیارە لە داهاتویەکی نزیکدا وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و هیوای خواست ئەو وەفدە بتوانێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بودجە و موچە."