ئا: هێڤی ئاوات
زۆربەی ئەو ژنو پیاوانەی کە چوونەتە ژیانی هاوسەرییەوەو ژنەکان تەمەنیان لەپیاوەکانیان گەورەترە، پێیانوایە کە "تەمەن" کێشەی بۆ دروست نەکردوونو ژیانیان خۆشە، کۆمەڵناسێک دەڵێت "دەشێت پیاوێک تەمەنی لەژنەکەی گەورەتر بێت، یان بەپێچەوانەوە ژنێک لەمێردەکەی گەورەتر بێتو ژیانی خێزانییان زۆر سەرکەوتوو بێت، یاخود بەپێچەوانەوە پڕ لەنەرێنیو نائومێدی بێت".
دابان عومەر، پیاوێکی کاسبکاری تەمەن ٣٥ ساڵەو خێزانەکەی ٥ ساڵ لەخۆی گەورەترە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ژیانیان پێکەوە زۆر خۆشەو پێیوایە تەمەن کاریگەری نەبووە بەسەر ژیانی هاوسەرییانەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "جیاوازی تەمەن کێشەی بۆ دروست نەکردووین".
دابان کەسێکی ڕووخۆشەو ئەو کاتەی ژیانی هاوسەریی پێکەوەناوە، خێزانەکەی ڕێگرییان لێکردووە، چونکە هاوسەرەکەی ٥ ساڵ لەخۆی گەورەتر بووەو لەبەرئەوە خێزانەکەی رازی نەبوون بیخوازێ، بەڵام دابان گوێی بەو قسانە نەداوەو سوور بووە لەسەر داواکەی، چونکە هەستیکردووە خۆشەویستەکەی ئەو کەسەیە کە بەدوایدا دەگەڕێو بیرکردنەوەیان لەیەکەوە نزیکە، ئەو وتی "زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەدوای هاوبەشێکی ژیاندا دەگەڕێن، یەکێک لەو خاڵانەی رەچاوی دەکەن بەیەکەوە گونجانە، بەبڕوای من جیاوازی تەمەن رێگر نییە لەوەی ژنو مێردێک بەیەکەوە بگونجێن، ئێستا ئێمە خۆشترین ژیانمان هەیە".
دابان باسی لەوە کرد کە ئەگەر کچێکی تەمەن منداڵی هەڵبژاردایە، رەنگە بەهۆی خیاوزی روانینیانەوە بۆ ژیان، کێشە لەنێوانیاندا دروست بووایە، بەڵام ئێستا ئەو ترسەی ڕەویوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە لەلایەن خەڵکەوە پێیدەوترێت "بۆ ژنیکی هەڵبژاردووە بەتەمەن لەخۆی گەورەترە؟!"، ئەو پێیاندەڵێت "من بۆ خۆم دەژیم، نەک بۆ خەڵک".
کاتێک باسی هاوسەرگیرییو هاوسەرەکان دەکەین، زۆربەمان وا بیردەکەینەوە کە دەبێت ژنەکە لەپیاوەکە گەنجتر بێت، لەڕابردوودا ئەو هاوسەرانەی کە پیاوەکان لەژنەکە بچووکتر بوون، بەلای زۆربەی کۆمەڵگاوە ئاسایی نەبوو، تا ئێستاش هێشتا ئەم روانینە زاڵە، بەڵام خەریکە بیرکردنەوەیەکی جیاواز لەناو گەنجاندا دروست دەبێت، کە چیتر جیاوازی تەمەنی لەو شێوەیە هۆکارێک نییە بۆ ڕەخنەگرتن یان فاکتەری ڕێگریکردن لەخۆشەویستی.
هەنار مەجید، پێیوایە زۆرن ئەو کوڕانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن لەگەڵ ئەو کچانەی لەڕووی تەمەنەوە لەخۆیان گەورەترن، بەڵام کۆمەڵگە ڕێگرە لەبەردەمیاندا، ئەو وتی "بۆچی ئاساییە پیاو لەژنەکەی گەورەتر بێت، بەڵام ئاسایی نییە ژن لەپیاوەکەی گەورەتر بێت؟!".
هەنار کە کچێکی لەسەرخۆی تەمەن ٢٨ ساڵەو ماوەی زیاتر لەمانگێکە ئەڵقەی هاوسەرێتی لەگەڵ کوڕێکدا گۆڕیوەتەوە کە چوار ساڵ لەخۆی بچوکترە، ئومێدەوارە لەئایندەدا خێزانێکی سەرکەوتوو بنو زاڵبن بەسەر هەموو گیروگرفتێکی ژیانیاندا، ئەو بەئاوێنەی وت "هەرچەندە جیاوازی تەمەن لەنێوانماندا هەیە، بەڵام لەزۆر رووەوە لەیەکتر گەیشتووینو تەمەن پێوەر نییە بۆ پێکەوەنانی ژیانی هاوسەری، چونکە ئەگەر دوو کەس لەهەموو ڕوویەکەوە یەکتریان بەلاوە پەسەند بێ، تەمەن نابێتە کۆسپ لەبەردەم بەیەک گەیشتنیانو پێکەوەژیانیانو سەرکەوتنیان لەهاوسەرگیریدا".
زۆرجار ئەو پرسیارە دەکرێت کە چ سنوورێکی تەمەن پێویستە بۆ ئەوەی هاوسەرەکان پەیوەندییەکی باش دروست بکەن؟ جیاوازی تەمەنی ئاسایی لەپەیوەندیدا چییە؟ ئایا داهاتوویەک هەیە بۆ ژنو مێردێک کە جیاوازی تەمەنیان زۆر بێت؟ کۆمەڵناسان پێیانوایە کە هۆکاری تر هەن بۆ پێکەوە گونجانی هاوسەرەکان، زۆر گرنگترن لەجیاوازی تەمەن.
زەنێ عارف، کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لەکۆمەڵناسیدا، لەوەلامی ئەوەی جیاوازی تەمەنی ژنو مێردێک چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندی نێوانیان دەبێت؟ جەغت لەوە دەکات کە تەمەن بەهیچ شێوەیەک مەترسیدار نییە، بەمەرجێک هاوسەرەکان کە لەقۆناغە جیاوازەکانی ژیاندانو هەریەکەیان سەر بەنەوەیەکی جیاوازو لەبارودۆخێکی کۆمەڵایەتی جیاوازدان، جیهانبینیو بیرکردنەوەی ئەوەندە جیاوازیان بۆ ژیان نەبێت، کە تێگەیشتنو پێکەوە گونجان لەنێوانیاندا قورس بکات، ئەو بەئاوێنەی وت "هاوسەرەکان دەتوانن ١٠ ساڵو ١٥ ساڵ، تەنانەت ٢٠و ٢٥ ساڵیش لەڕووی تەمەنەوە لەیەکتر جیاواز بن، بۆ نموونە ژنو مێرد هەیە کچەکە تەمەنی ٢٠ ساڵەو پیاوەکەش ٤٠ ساڵە، بەڵام بەیەکەوە گونجاون، راستە جیاوازی تەمەن گرنگە، بەڵام پێکەوەگونجان لەوەش گرنگترە، خۆ چەندین ژنو مێرد هەن هاوتەمەننو بەیەکەوە هەڵناکەنو جیادەبنەوە، بەڵام هەن جیاوازی تەمەنیشیان زۆرەو بەیەکەوە گونجاون".
زەنێ ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی پێوەری باوی کۆمەڵگەی کوردەواری هێشتا نابێت ئەو دوو کەسەی دەچنە ژیانی هاوسەرییەوە تەمەنی ژنەکە لەپیاوەکە گەورەتر بێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارەو وا بەلایانەوە پەسەندترە تەنها پیاو گەورەتر بێت، ئەو وتی "دەشێت پیاوێک تەمەنی لەژنەکەی گەورەتر بێت، یاخود بەپێچەوانەوە ژنێک لەمێردەکەی گەورەتر بێتو ژیانی خێزانییان هەم زۆر ئایدیاڵو سەرکەوتوو بێت، هەم پڕ لەنەرێنیو نائومێدی بێت، لەهاوسەرگیرییدا هەموو شتێک لەسەر ئەوە بنیاتدەنرێت کە چەند ژنو مێرد دوورن لەخۆپەرستیو رێز لەیەکتر دەگرنو یەکتریان خۆشدەوێت، تا چەند لەیەکتر تێدەگەنو بەیەکەوە دەگونجێن، کە ئەم بنەمایە نەما هاوسەرگیریی شکست دەهێنێت، هەرچەند تەمەنیشیان وەک یەکتر بێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.