راوێژکاری وەزارەتی کارەبا: هیچ وڵاتێک لە جیهاندا هێندەی عێراق نرخی کارەبای هەرزان نییە
  2025-01-29       764       


لە میانی بەشداری کردنی کۆنفرانسی وزەی عێراق کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، راوێژکارێکی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، 1500 کیلۆوات کاتژمێرێکی مانگانە بە 10 دینارە، کە ئەوەش هەرزانترینە و هیچ وڵاتێک نییە لە جیهاندا بەو نرخە کارەبا بە هاوڵاتیانی بدات.
 
ئاوێنه‌: عەبدولحەمزە عەبوود، راوێژکاری وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، "دۆخی کارەبا لە عێراق لە ئاڵنگاریی گەورەی بەردەوامدایە، لەناویشیاندا دۆخی ئەمنی و سیاسی. دەزانین بەشێکی کارەبا و گاز لە چەندین وڵاتی جیاواز هاوردە دەکەین، ئەوەش بۆئەوەی پشت بە تەنیا وڵاتێک نەبەستین بۆ کارەبا، چونکە ئەگەر پشت بە تەنیا وڵاتێک ببەستین، ئەو کات ئەگەر کێشەیەکی ئەمنی و سیاسیمان بۆ دروستبوو، ئەوا هەموو کارەکانیش رادەوەستن."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ماوەکانی رابردوودا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، تورکیا و ئێران کۆبوونەوە و دانیشتنمان هەبوو. ئێستا هێڵی تورکیا و ئوردن کار دەکەن، بەڵام بڕەکان دیاریکراون، بۆ نموونە هێڵی تورکیا 400 مێگاوات تێناپەڕێنێت، ئوردنیش 150 مێگاوات تێناپەڕێنێت. هێڵی پێکەوەبەستنی کەنداویش کە کۆتایی ئەم ساڵ دەکەوێتەکار، 500 بۆ 1000 مێگاوات لە رێگەیەوە هاوردە دەکەین."
 
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەی لە هێڵی کەنداودا باشە ئەوەیە، نرخ بەگوێرەی سەکۆی وڵاتانی هاریکاریی کەنداوی عەرەبییە، بە جۆرێک عێراق تەماشای سەکۆکە دەکات و کام نرخەی گونجاو بوو، بۆ ماوەی شەش مانگ گرێبەستی لەگەڵ دەکات. هێڵی سعودیەش رەنگە ساڵ و نیوێکی دیکە تەواو ببێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×