عەلی حەمەساڵح له‌باره‌ی كێشه‌ی موچه‌ له‌ 2025 هۆشداری ده‌دات
  2025-01-29       671       

عەلی حەمەساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند، "زمانی هه‌ڕه‌شه‌كردن"ی هه‌رێمی كوردستان زیانی له‌ موچه‌خۆران گه‌یاندوه‌ و تائێستا به‌ ته‌وتین ڕاز نییه‌ و به‌مجۆره‌ بڕوات تا 20 ڕۆژی دیكه‌ موچه‌ له‌ به‌غداوه‌ ناگاته‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌شڵێت، "ئه‌مساڵ حزبه‌كانی عێراق ده‌چنه‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و به‌شێكی له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم ده‌بێت و گرنگه‌ بیانو نه‌درێت به‌ده‌سته‌وه‌".

ئاوێنە: عەلی حەمە ساڵح ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، ڕایگه‌یاند، "هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت نه‌وت و داهاتی ناوخۆ ڕاده‌ستناكات له‌كاتێكدا هیچ كارتێكی فشاری به‌دیل پێنیه‌، فه‌رمو بكشێنه‌وه‌ و موچه‌ و ژیانی خه‌ڵك دابین بكه‌ن، ئه‌م زمانی هه‌ڕه‌شه‌كردنه‌ بۆ ڕازیكردنی یه‌ك یان دو به‌رپرسی پارتی زیانی گه‌وره‌ی له‌ ژیانی خه‌ڵكداوه‌، ئه‌وه‌تا هه‌ڕه‌شه‌تان كرد موچه‌ نه‌ما، به‌م پێوه‌ره‌ بڕوات تا 20 ڕۆژی دیكه‌ موچه‌ نایه‌ت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، محه‌مه‌د شیاع سودانی په‌یامه‌كه‌ی توند بوه‌ و وتویه‌تی ناتوانێت وه‌كو پێشتر به‌رده‌وام بێت (بۆ ناردنی پشكی هه‌رێم) "بڵێن داهاتی ناوخۆ ناده‌ین و لیستی موچه‌ به‌ ئاره‌زوی خۆمان ئاماده‌ ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت دۆسیه‌ی نه‌وت ڕاده‌ست ناكه‌ین كه‌ عێراق پێداگیری له‌سه‌ر ده‌كات، بۆیه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌مساڵدا موچه‌ی خه‌ڵك بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و گرنگه‌ ئه‌و شانده‌ كه‌ ڕۆژی هه‌ینی ده‌ڕوات بۆ به‌غدا به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات".

عەلی حەمە ساڵح ئه‌وه‌شی وت، "9 ڕۆژه‌ بانكه‌كانی ڕه‌شید و ڕافیده‌ین نوسراویان كردوه‌ و ئاماده‌ن بۆ ته‌وتینی موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆچی ڕازی نابن؟ حیكمه‌تی ئه‌وه‌ چییه‌؟، كه‌ ئه‌و نوسراوه‌ی ئه‌و دو بانكه‌ ده‌رفه‌تێكی گرنگه‌، به‌ڵام شاندی هه‌رێم پارتی و یه‌كێتی تێدایه‌ ده‌ڵێن، ته‌وتین ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌". 

باسی له‌وه‌شكرد، "په‌یامی بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "واز له‌ به‌غدا بهێنن و دادگا له‌ هه‌ولێره‌، كۆمپانیایه‌ك هه‌یه‌ ناو میدیا تیكه‌ره‌ و دادگای خۆتان بڕیاری داوه‌ كه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ نابێت پاره‌ فلێكس و ریكلام له‌ دوكاندار وه‌ربگرێت، خه‌ڵك هه‌یه‌ ده‌ڵێت، كۆمپانیاكه‌ هاتوه‌ داوای 4 ملیۆن یان 7 ملیۆنمان لێده‌كات،  ئه‌مڕۆ له‌ شاره‌وانی ده‌ڵێن، حساب بۆ بڕیاری دادگا ناكه‌ین".

هۆشداریشدا له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و حزبه‌كانی عێراق ده‌چنه‌ پڕۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و به‌شێكی له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم ده‌بێت و گرنگه‌ بیانو نه‌درێت به‌ده‌سته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×