نێرگز محەمەدی: شەڕکردن لە دژی سزای لەسێدارەدان بابەتێکی ئەخلاقیییە
  2025-01-30       174       

نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند، شەڕکردن لە دژی سزای لەسێدارەدان بابەتێکی ئەخلاقیی و سیاسیی و مافەکانی مرۆڤە، دەشڵێت، هەڵمەتی دژ بە سزای لەسێدارەدان دەتوانێت ڕۆڵێکی ستراتیژی بگێڕێت لە درووستکردنی یەکڕیزی نێوان گروپە دیموکراسیخوازەكان.

ئاوێنە: نێرگز محەمەدی زیندانیی سیاسیی ئێران لە میانی بەشداریی کردنی کۆبوونەوەیەك سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەپێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی کلاب هاوس بەمجۆرە زانیاریی خستەڕوو.

نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی لەسێدارەدانی بە کۆمەڵەوە تیرۆر لە کۆمەڵگەدا درووست بکات بۆ ئەوەی دەنگی خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکان بێدەنگ بکات.

وتیشی، شەڕکردن لە دژی سزای لەسێدارەدان بابەتێکی ئەخلاقیی و سیاسیی و مافەکانی مرۆڤە، چاوەڕێ دەکەین بە فشار کردنە سەر ئێران سزاکە هەڵوەشێتەوە و پەتی سێدارە نەمێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداریی زیندانیانی سیاسی ئێران لە ڕەوتە جیاوازەکانەوە بۆ وەستاندنەوە دژی سزای لەسێدارەدان کاریگەری هەبووە و هەڵمەتی دژ بە سزای لەسێدارەدان دەتوانێت ڕۆڵێکی ستراتیژی بگێڕێت لە درووستکردنی یەکڕیزی نێوان گرووپە دیموکراسیخوازەكان.

هاوكات، نێرگز محەمەدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئەویندایە و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی تر زیندانییکردن سزا درایەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەری لابردنی گرێیەکی ئێسک لە بەشی سەرەوەی قاچ و بەستنەوەی ئێسک بۆ نێرگز محەمەدی ئەنجامدرا و بۆ ماوەی سێ هەفتە بە مەرج ئازاد کرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×