پارێزەرەكەی: شەش مانگی تر دەچێتە سەر سزاکەی ئومێد بەرۆشكی
  2025-01-30       225       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای دهۆک بەهۆی پۆستێکی فەیسبوکەوە، سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ ئومێد بەرۆشکی دەرکرد ، پارێزەرەکەی دەڵێت، پێدەچێت شەش مانگی دیكەش بچێتە سەر سزاكەی و بكرێتە ساڵێك. لە بەرامبەر دەستگیرکردن و سزادانی ئومێددا برایەکی ڕەخنەی توند لە سزاکە دەگرێت و دەڵێت،" براکەم بێ تاوان سزا دراوە."

ئاوێنە: ئەمڕۆ 30ی 1ی 2025، دوای دوجار لە دادگاییکردنی بە تۆمەتی ناوزڕاندنلە پۆستێکی فەیسبوکدا بە زیندانی چاکسازی زرکا لە دهۆک، دادگای تاوانەکانی دهۆک سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئومێد بەرۆشکی، رۆژنامەنوس و چالاكواندا سەپاند کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان.

ڕەمەزان ئەرتیشی پارێزەر لە دۆسیەی ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئومێد بە ماددەی 2ی پەیوەندی بۆ ماوەی شەش مانگ سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە، چونکە لە ڕێگەی فەیسبوکەکەی خۆیەوە پۆستێکی کردوە لەسەر زیندانی زرکا، کە گوایە یەکێک لە زیندانیانی بادینان بەناوی مەلا نەزیر کە لەو زیندانە دەستگیرکرابو، لە زیندانەکە نییە و بێسەروشوێنە، بۆیە دادگا بە تاوانی سوکایەتیکردن شەش مانگ سزای دا."

وتیشی،"سزاکەشی تەنیا ئەو شەش مانگە نییە و دەبێتە ساڵێک، چونکە بابەتێک هەیە پێی دەوترێت (ئیقاف تەنفیز) واتە کاتێک کەسێک سزا دەدرێت بۆ ماوەیەک، نابێت تا سێ ساڵ ئەو تاوانە دوبارە بکاتەوە، بەڵام ئومێد پێش سێ ساڵەکە دوبارەی کردەوە و بۆیە سەد لە سەد شەش مانگی تر دەچێتە سەر سزاکەی و دەبێتە ساڵێک."

ئومێد بە رۆشکی لە 23ی یەکی 2024 لە ڕێگەی فەیسبوکەکەی خۆیەوە پۆستێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر یەکێک لە زیندانیانی بادینان بە ناوی مەلا نەزیر، لە پۆستەکەی ئومێد دا هاتوە،"مەلا نەزیر لەلایەن هێزێکی زیندانی زرکاوە ڕفێندراوە، بەڵام ئەو لەو زیندانەدا نەماوە و چارەنوسی نادیارە."

لەسەر ئەو پۆستە بەرپرسانی زیندانەکە ئومێد دەدەنە دادگا، دوای دو جار داگاییکردنیشی ئەمڕۆ سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەری یاسایی لە چاکسازی زیندانی دهۆک، بەشار زێباری بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئومێد لەسەر سکاڵای ئێمە دەستگیرکراوە، چونکە بابەتێکی بڵاوکردەوە کە ڕاست نەبو، دەرکەوت ئەوەی لەسەر زیندانەکە بڵاوی کردبۆوە درۆ بو."

هاوکات برایەکی ئومێد بەرۆشکی بە ناوی ماهیر بەرۆشکی براکەی بە "بێ تاوان" ناو دەبات و بە دەنگی ئەمەریکای وت،"براکەم بێ تاوانە و هیچی لەسەر نییە، دادگا بڕیاری نادروستی لەبارەی براکەمەوە داوە، براکەم وتی من ڕۆژنامەوانم مافم هەیە لەسەر ئەو دۆسیەیە قسە بکەم، بەڵام پێیان وت نابێت قسەی لەسەر بکەیت."

ئومێد بەرۆشکی کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان لە 18/8/2020 بە تۆمەتی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیرکراو و 6 سکاڵای جیاوازی لەسەر بو، دواتر لە 22/2/2022 ئازاد کرا، بەڵام لە دوای ئازادکردنی جارێک ڕاگیراوە و چەند جاری تریش بە ماوەی کورت دەستگیرکراوە، دواتر بە کەفالەتی پارە ئازاد کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×