یەكشەممە پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجە دەخاتە دەنگدانەوە
  2025-01-30       127       

رۆژی یەكشەممەی داهاتو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوەو یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكە دەنگدانە لەسەر هەمواری یاسای بودجە كە هەموارەكە تایبەتە بە خەرجی دەرهێنانی نەوتی هەرێم.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی یەكشەممەی داهاتوی خۆی بڵاوكردەوە كە لە چوار بڕگە پێكدێت.

بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكە تەرخان كراوە بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە كە هەموارەكە تایبەتە بە تێچوی دەرهێنانی نەوتی هەرێم.

رۆژی 19ی ئەم مانگە دەنگدان لەسەر هەموارەكە لە بەرنامەی كاری دانیشتی پەرلەماندا بەڵام بەهۆی تێكدانی رێژەی یاسایی لەلایەن پەرلەمانتارانی عەرەبەوە نەتوانرا هەمواری یاسای بودجە تێپەڕێنرێت.

دوێنێ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی هەمواری بودجەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراقدا كۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیران لە كۆبونەوەكەدا سودانی داوای كردوە كە پەرلەمان ئەو هەموارەی یاسای بودجە بەبێ گۆڕانكاری پەسەندبكات كە لەلایەن حكومەتەوە بۆیان نێردراوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە لای خۆیانەوە هەر یەک لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ پەسەندکردنی ئەو دەقەی هەموارەی یاسای بودجە كە لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×