عێراق هەر هەوڵێك بۆ راگواستنی گەلی فەلەستین رەتدەكاتەوە
  2025-01-29       157       

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی هەر هەوڵێك بۆ راگواستنی گەلی فەلەستین رەتدەكاتەوە و دەڵێت، گرنگە هەوڵەكان یەكبخرێن لەپێناو خۆڕاگریی فەلەستینییەكان و مانەوەیان لەسەر خاكەكەیان.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، فواد حسێن وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد مستەفا، سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی فەلەستین ئەنجامداوەو تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی فەلەستین،  ئاگربەست و شێوازەكانی بەهێزكردنی هەماهەنگی هاوبەش بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین كرا.

ئاماژە بەوەشدراوە، فواد حسێن هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی لە پشتیوانیكردن لە دۆزی فەلەستین دوپاتكردۆتەوەو جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق هەر هەوڵێك بە ئامانجی راگواستنی گەلی فەلەستین رەتدەكاتەوەو گرنگە بەلایەنەوە هەوڵەكان یەكبخرێن لەپێناو خۆڕاگریی فەلەستینییەكان و مانەوەیان لەسەر خاكەكەیان.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا باسی لە پلانی راگواستنی خەڵكی غەززە كردو وتی بۆ ئەوەش داوا لە ئوردن و میسر دەكات كە پەنابەری زیاتری غەززە وەربگرن.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە عێراق ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ گەرەنتیكردنی ئەوەی كە دۆزی فەلەستین و پشتیوانیكردنی گەلەكەی لە ئەولەویەتی بەرنامەی كاری لوتكەی عەرەبی بن كە بڕیارە لەمساڵدا لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×