لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران لە هەرێم كۆدەبێتەوە
  2025-01-29       191       

لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا كۆبوەوەو بڕیاردرا كۆبونەوەی داهاتوی لیژنەكە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران لە بەغدا كۆبوەتەوە.

قاسم ئەعرەجی، سەرۆكایەتی لایەنی عێراقی كردوە لە كۆبونەوەكەداو رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم و چەند نوێنەرێكی دیكەی هەرێم بەشداربون تێیدا. هەروەها مەسكەرییان سەرۆكایەتی لایەنی ئێرانی كردوە لە كۆبونەوەكەدا.

ئاماژەی بەوەشدراوە، لە كۆبونەوەكەدا هەردولا ئەو رێكارانەیان خستنەڕو كە لەنێوان هەردو وڵات گیراونەتەبەر بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكەو گفتوگۆش لەبارەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەكانی ئێستا و ئەو رێكارانە كراوە كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ خێراكردنی جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە.

قاسم ئەعرەجی جەختی لەوە كردۆتەوە كە عێراق پەرۆشە بۆ ئەوەی كە خاكەكەی وەك دەروازەیەك بەكارنەهێنرێت بۆ هێرشكردنە سەر خاكی وڵاتانی دراوسێ.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا هەردولا رێككەوتون لەسەر ئەوەی كۆبونەوەی داهاتوی لیژنەی باڵاكە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×