یەكەم گوتاری ئەحمەد شەرع لەدوای بونی بە سەرۆك كۆماری سوریا
  2025-01-30       237       

ئەحمەد شەرع، دوای راسپاردنی وەك سەرۆك كۆماری سوریا، رایگەیاند، حكومەتێكی گشتگیر بۆ قۆناغی راگوزەر پێكدەهێنین كە گوزارشت لە فرەڕەنگی سوریا بكات بۆ ئەوەی بونیادنانی دامەزراوەكانی سوریای نوێ لە ئەستۆ بگرێت تا دەگەینە قۆناغی هەڵبژاردنێكی ئازادو بێگەرد. دەشڵێت، لە رۆژانی داهاتو لیژنەی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی رادەگەیەنین. ئاماژە بەوەشدەدات كە لە ماوەكانی داهاتودا كاردەكەن بۆ سەپاندنی سەروەریی سوریا بەسەر تەواوی خاكی وڵاتدا لەژێر سایەی یەك دەسەڵاتدا.

ئاوێنە: ئەحمەد شەرع، دوای ئەوەی دوێنێ لە "كۆنگرەی سەركەوتن"ی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوریادا كرایە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە بۆ قۆناغی راگوزەر، ئەمشەو پێنجشەممە، یەك گوتاری تەلەفزیۆنیی خۆی پێشكەش كرد.

ئەحمەد شەرع لە گوتارەكەیدا وتی، دوێنێ بەرپرسیارێتی وڵاتم لە ئەستۆ گرت، ئەوەش لەدوای راوێژی چڕ لەگەڵ شارەزایانی یاسایی بۆ گەرەنتیكردنی رەوتی پڕۆسەی سیاسی لە چوارچێوەی نەریتە یاساییەكان.

ئەوەشی وت، ئەم قۆناغی راگوزەرە، بەشێكە لە پڕۆسەیەكی سیاسی كە بەشداری راستەقینەی هەمو سورییەكان بە ژن و پیاوەوە، لە ناوخۆ و دەرەوە، دەخوازێت لەپێناو بونیادنانی ئایندەیاندا بەبێ دەركردن و پەراوێزكردنی هیچ كەسێك.

شەرع جەختی كردەوە، كاردەكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر بۆ قۆناغی راگوزەر كە گوزارشت لە فرەڕەنگی سوریا بكات بە پیاو و ژن و گەنجانییەوە بۆ ئەوەی ئەركی كاركردن بۆ بونیادنانی دامەزراوەكانی سوریا نوێ بگرێتە ئەستۆ تا دەگەینە قۆناغی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، لەسەر بنەمانی بڕیاری راسپاردنم بە سەرۆك كۆمارو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی سەردەمی رژێمی پێشو، لیژنەیەكی ئامادەكاری رادەگەیەنم بۆ دیاریكردنی ئەنجومەنێكی یاسادانانی بچوككراوە بۆ ئەوەی بۆشایی قۆناغی راگوزەر پڕبكاتەوە.

هەروەها وتیشی، لە رۆژانی داهاتودا لیژنەی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی رادەگەیەنین، كە دەبێت سەكۆیەكی راستەوخۆ بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاو پرس و راوێژ و گوێگرتن لە تەواوی تێڕوانینەكان لەبارەی بەرنامەی سیاسی داهاتومان.

جەختیشی كردەوە لەدوای تەواوكردنی ئەم هەنگاوانە، راگەیاندنی دەستوری رادەگەیەنین بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەعی یاسایی بۆ قۆناغی راگوزەر.

ئەحمەد شەرع لە گوتارەكەیدا ئاماژەی بەوەشدا كە لە ماوەی داهاتودا سەرنجیان لەسەر چەند ئەولەویەتێك دەبێت لەوانە:

-بەدیهێنانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و شوێنپێهەڵگرتنی ئەو تاوانبارانەی كە خوێنی خەڵكی سوریایان لە ئەستۆیە، لەناوخۆ بێت یان لە دەرەوە.

-تەواوكردنی یەكپارچەیی خاكی سوریا و سەپاندنی سەوەریی وڵات لە سایەی یەك دەسەڵات و لەسەر یەك خاك.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×