هیومان رایتس ۆوچ: سوپای توركیاو میلیشیاكانی تاوانی جەنگیان لە بەنداوی تشرین ئەنجام داوە
  2025-01-30       214       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ لەبارەی بۆردومانكردنی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی كە بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین لە رۆژئاوای كوردستان چونەتە سەر بەنداوەكەو مانیان گرتوە، رایگەیاند، سوپای توركیاو میلیشیاكانی سەربەو سوپایە، بە بۆردومانەكانیان پێدەچێت تاوانی جەنگیان ئەنجامدابێت.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە رۆژی 18ی ئەم مانگە، میلیشیاكانی سەربە توركیا، لەڕێگەی درۆنەوە ئەمبولانسێكی مانگی سوری كوردییان كردۆتە ئامانج لەكاتێكدا ژنێكی برینداری گواستۆتەوە كە لە بۆردومانێكی پێشوی تری میلیشیاكاندا لەسەر بەنداوی تشرین بریندارببو.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەپێی میدیاكان لەو رۆژەدا بەهۆی بۆردومانی هاوڵاتیانی مەدەنی مانگرتو لەسەر بەنداوی تشرین، شەش كەس كوژراون و 16ی دیكەش برینداربون.

وتوشیەتی، لانیكەم تاوەكو ئێستا سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی چوار جار هاوڵاتیانی مەدەنیان لەسەر بەنداوی تشرین كردونەتە ئامانج و بەپێی راگەیەندراوی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو هێرشانەدا 20 كەس شەهیدبون و 120ی دیكەش برینداربون.

رێكخراوەكە جەختیی كردۆتەوە كە دەبێت توركیا پابەندبێت بە راگرتنی ئەو پێشێلكارییانەو رێگریش لەو میلیشیایانە بكات كە پشتیوانییان دەكات هێرش بكەنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەگەرنا توركیاش خۆی بە بەشدار دەزانرێت لە تاوانەكانیاندا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پێناچێت كردنە ئامانجی ئەمبولانسێك لەكاتێكدا كە برینداری مەدەنی گواستۆتەوە لەسەر رێگایەكی كراوە، بەرێكەوت بوبێت بەڵكو زیاتر لە تاوانی جەنگ دەچێت و پێویستە لێپرسینەوە لە سوپای توركیاو میلیشیاكانی لەوبارەیەوە بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×