بزوتنەوەی گۆڕان-گردی زەرگەتە: لایەنی بەرامبەر بڕوایان بە بەرنامەو دەستوری گۆڕان نییە
  2025-02-01       484       

بزوتنەوەی گۆڕان-گردی زەرگەتە رایگەیاند، راگرتنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكە لەلایەن كۆمسیۆنەوە لەسەر داوای ئێمە بوە. دەشڵێت، لایەنی بەرامبەر (گۆڕان-كوردسات)، بڕوایان بە بەرنامەو دەستوری گۆڕان نییە و جەختیش دەكاتەوە كە "دەستگرتن بە پلەو پۆستەوە بەشێوەیەكی نایاسایی، ئامانج لێی لەناوبردنی گۆڕانە."

ئاوێنە: جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان-گردی زەرگەتە، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێكی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی نێو بزوتنەوەكە خستەڕو.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی لامان وایە پڕۆژەكانی رەوانشاد و دەستورو رێنماییەكانی، تەنیا رێگایەكە بتوانێت بزوتنەوەی گۆڕان بخاتەوە سەر رێچكە تەندروستەكەی خۆی."

ئاماژەی بەوەشداوە "ناكۆییەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەت هەڵوێست و بڕیاری ئێمە وەك بەرەی دەستور لەپێناو بەرگریكردن لە یاساو شەرعیەتی دیموكراسی و راستی و دەستور بوە."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ئێمە وەك زۆرینەی زۆری گۆڕانخوازان و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوان، بەرگری لە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و ئایدیاكانی نەوشیروان مستەفا و دەستور دەكەین، لایەنی بەرامبەر بڕوایان بە بەرنامەو دەستوری گۆڕان نییە."

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی دەستەی گشتی بزوتنەوەكە، لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تانەمان لە كارە نایاساییەكان داوە، بڕیاری راگرتنی كۆنفرانسی نیشتمانی لەلایەن لایەنی دەرەوەی گردی زەرگەتە كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دەرچوە، وەك لە دەقی نوسراوەكەدا هاتوە، لەسەر داواكاری زۆرینەی ئەندامانی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەمەبەستی بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان رێكاری پێویستمان گرتۆتەبەر بۆ رێگریكردن لە هەمو كار و هەنگاوە نایاساییەكان.

وتوشیەتی"داوای یاساییمان لە نەزاهەی عێراق لەسەر هەمو ئەو كەسانە تۆماركردوە كە بەشێكن یان رێخۆشكەرن بۆ كاری نایاسایی چونكە بەوردی ئاگاداری هەمو پەیوەندییە ژێر بە ژێر و دەستێوەردان و كارە ناپەسەندەكانیانین."

جەختیشی كردۆتەوە كە "هەرگیز ناكۆكییەكان لای ئێمە شەخسی نەبون و نابن." وتوشیەتی"بەهیچ شێوەیەك ناكرێت گۆڕان كە داوای یاسا و دەستور و سیستەمی دەكرد بۆ هەمو كوردستان، ئێستا پەنابراوەتە بەر پێشێلی دەستور و كاری نایاسایی و لەناوبردنی سیستەمی كاری رێكخراوەیی."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە"گۆڕان هەمیشە كۆكەرەوەی بیرو بۆچونە جیاوازەكان بوە، عەقڵیەتی دیكتاتۆری و بێڕێزیكردن و دەستگرتن بە پلەو پۆستەوە بەشێوەیەكی نایاسایی، ئامانج لێی لەناوبردنی گۆڕانە.

ئەوەشی وتوە"دەست و دڵمان بۆ هەمو هاوڕێكانمان كراوەیە، بەكردەوە هەر هەنگاو و پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی هەبوبێت، ئێمە بە كۆی دەنگ بڕیاری پەسەندكردن و قبوڵكردنیمان داوە. ئامانجی ئێمە گەڕانەوەیە بۆ دیموكراسی بە گشتی و لەناوخۆی حزب بەتایبەتی كە لەناوبراوە بەكاری نایاسایی و مانەوە لە دەرەوەی دەستور."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×