رێکخەری مانگرتووانی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی رایگەیاند، سودانی پێی وتوون کارێک دەکەن لەسودی مانگرتووان و فەرمانبەرانی هەرێم بێت، هاوکات دەشڵێت "لێت ناشارمەوە لەپێ کەوتووم و ناتوانم هەستم، بەردەوام دەبین تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت".
ئاوێنە: دڵشاد میرانی، رێکخەری مانگرتووانی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی لەبارەی بارودۆخی تەندروستیان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی وت "تەندروستیمان زۆرباشە، بەڵام لێت ناشارمەوە من لەپێ کەوتووم و ناتوانم هەستم و هەڵیش نەستاوم، بەڵام بەگشتی باشین".
پەیامنێرەکەی ئاوێنە لەپرسیارێکدا ئاماژە بەوەدەکات کە "مامۆستا دڵشاد میرانی بەڕێز هەستەکەین تۆنی دەنگتان گۆڕاوە"، ناوبراو لەوبارەیەوە دەڵێت "بەڵێ، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم بە پێنج ڕۆژ واملێبێت، ئەوە پێنج رۆژە دڵۆپێک ئاوم نەخواردووە".
سەبارەت بەوەی تاکەی لەمانگرتن بەردەوام دەبن؟ میرانی ئاشکرایکرد "تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێنەکرێت بەردەوام دەبین، خەریکە لەملاولا بابەت تێدەخزێنرێت و نامانەوێت مانگرتوانمان لەدەست دەربچێت".
رێکخەری مانگرتووان ئاماژە بە وتەیەکی محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەدات کە پێی وتوون "کارێک دەکەین کەلە سودی مانگرتووان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێت"، دڵشاد میرانی ئاماژەی زیاتر دەکات و دەڵێت "پێشوتریش خودی سودانی بەمنی وت؛ نایەڵم بۆ خۆپیشاندان بۆ مووچە بێنەوە سەر شەقامەکان بۆ ئەو مەبەستەش کۆنگرەی رۆژنامەوانیمان بەست".
وتیشی "ئێمە چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی سودانین و هەتاوەکو وەڵامیشمان نەدەنەوە، ئەوە حاڵمانە و ئاوا ژیان دەکەین".
پەیوەست بە هاتنە سەرهێڵی ئەمریکاش، ناوبراو رونیکردەوە "دوێنێ چوار خانم هاتبوون کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون، پەیامیان پێدام حاڵمان دەگەیەنن بە میدیاکانیان و بەمەش ئۆفیسی ئەمریکا وەڵامییان داوینەتەوە".
"من تاکە مامۆستا بووم مانگرتنم راگەیاند و بڕواشم بە کەیسەکەمان هەیە، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو برادەر و خوشک و برایانە هاوکارمانن و پشتیوانمانن و بوون بە وزە، لەم مانگرتنە هەر هیچیشمان دەست نەکەوێت کردمان بە کەیسێکی گەورە بۆ بەهۆشداهاتنەوەی ئەم دەسەڵاتە". دڵشاد میرانی، رێکخەری مانگرتووانی مامۆستای ناڕازی سلێمانی وای وت