ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور چونە پاڵ مامۆستایانی سلێمانی و پەیامێکیان بڵاوکردەوە
  2025-02-01       179       

ئاوێنە: ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور پەیامێکی توند لەبارەی مانگرتووانی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی کە کۆپیەکی نێردراوە بۆ ئاوێنە بڵاودەکەنەوە و تیایدا رایانگەیاندووە "ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور، سەرباری چەندین تێبینی و نیگەرانیمان لەشێواز و کات و هەڵسوڕاندنی ئەم چالاکییە پڕسەرکێشییە؛ کە هەر ئەمەش وای کرد درەنگ بێین بەدەم ئەم چالاکییەوە؛ هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ هاوڕێیانی مانگرتوومان رادەگەیەنین و دروشمی "مردن لەپێناو ژیان"ـیان بەرز و پیرۆز دەنرخێنین".

ئەوەش هاتووە "لێرەشەوە ڕوو لە دەسەڵاتدارانی ملهوڕ و هیچ لەباردانەبووی پارتی و یەکێتی دەکەین و دەڵێین؛ ئەگەر زەڕەیەک ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤبوونتان تیا ماوە، دەست لە ڕاوڕووت و دزی و درۆ و تاڵانکاری و بازرگانیکردن بە ژێرخاک و سەرخاک و خەڵکی ئەم هەرێمە بەشمەینەتە هەڵبگرن و داواکارییە سەرەتاییەکانی مانگرتووان و مووچەخۆران جێبەجێبکەن، کە خۆیان لە (تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان، پلەبەرزکردنەوە، پێدانی مووچەی مانگی 12 و 1 لەگەڵ دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان)دا دەبینێتەوە".

دەقی نوسراوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور..

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان (پەیامی پشتیوانی لە مانگرتووان

ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور، سەرباری چەندین تێبینی و نیگەرانیمان لە شێواز و کات و هەڵسوڕاندنی ئەم چالاکییە پڕسەرکێشییە؛ کە هەر ئەمەش وای کرد درەنگ بێین بەدەم ئەم چالاکییەوە؛ هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ هاوڕێیانی مانگرتوومان ڕادەگەیەنین و دروشمی "مردن لەپێناو ژیان"یان بەرز و پیرۆز دەنرخێنین.

لێرەشەوە ڕوو لە دەسەڵاتدارانی ملهوڕ و هیچلەباردانەبووی پارتی و یەکێتی دەکەین و دەڵێین: ئەگەر زەڕەیەک ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤبوونتان تیا ماوە، دەست لە ڕاوڕووت و دزی و درۆ و تاڵانکاری و بازرگانیکردن بە ژێرخاک و سەرخاک و خەڵکی ئەم هەرێمە بەشمەینەتە هەڵبگرن و داواکارییە سەرەتاییەکانی مانگرتووان و مووچەخۆران جێبەجێ بکەن، کە خۆیان لە (ــ تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان. ــ پلەبەرزکردنەوە ــ پێدانی مووچەی مانگی 12 و 1 ــ دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان)دا دەبینێتەوە.

ژیان و تەندروستی ئەم مانگرتووانە، لە چاوی خۆبینتان دەناسین و هەر پێشهاتێکی نەخوازراو ڕووبدات بۆیان، بەدڵنیاییەوە ئێوەی گومڕا بەبێ باجی گەورە لێی دەرباز نابن. پێشتان ئەڵێین: ئەگەر ئینسانیەتتان تیاماوە؛ ئەگەر ئەزانن غیرەت چییە؛ ئەگەر بۆنی بێویژدانی بەیەکجاری کاسی نەکردوون؛ بەسە.. بەس، چیتر بەخۆدا بێنەوە، خەڵک لە سایەی ئێوەی خوێنمژدا؛ مردنی پێ لە ژیان خۆشتر و سەربەرزانەترە؛ "يَا أَيُّهَا الْإِنسَانُ مَا غَرَّكَ بِرَبِّكَ الْكَرِيمِ" بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی و ئەو بەرپرس و فراکسیۆن و پەرلەمانتار و لایەنە پەیوەندیدارانەش کە سەردانی مانگرتووان دەکەن، دەڵێین: بە سەردانێکتان بۆ ئێرە و بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیتان، وا نەزانن کە پاک بوونەتەوە و تەواو ئیتر هەموو ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی و ویژدانیتان بەجێگەیاندووە؛ دەپرسین کوا هەرێمی سەربەخۆی سلێمانیتان؟ کوا کارکردنتان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی پارێزگای ناڕازیی لە بوودجەی فیدراڵیدا؟ کوا تەوتین و پلەبەرزکردنەوەتان؟ کوا ڕەتکردنەوەی هەژماری مدیر عام. کوا ڕەتکردنەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنی دیزاینکراو؟ لە یارییەکانتان تێگەشتووین، ئێوە لەگەڵ مەڕدا شین دەکەن و لەگەڵ گورگدا گۆشت دەخۆن، هەرگیز بەم سەردان و لێدوانانەتان پاک نابنەوە. 

لێرەشەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هاوڕێمان دڵنیادەکەینەوە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور کە ئەندامە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی؛ لەگەڵ هاوڕێیانمان لەو ئەنجومەنە دلێر و ماندوونەناسەدا، بەردەوام و دوور لە چاوی ڕاگەیاندن لە هەوڵداین بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانمان، ماوەی دوو ڕۆژە نوێنەرە ماندوونەناسەکانمان لە بەغدادن و سەرقاڵی چالاکی و دیدارن لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواکانمان.

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و ئیرادەی خۆڕاگری زیاتر بۆ مانگرتووان دەخوازین و سەرکەوتن هەر بۆ ناڕازییە ڕاستەقینەکانە. سەرشۆڕی و ڕووڕەشی بۆ تاڵانکارانی دەسەڵات و هەموو ئەو ساختەچییانەی بەناوی ناڕازییەوە، بازرگانی بە شەقام و چالاکییەکانی شەقام و مەینەتییەکانی شەقامەوە دەکەن و لە ڕێی خونکیکردن و دەربارییان بۆ دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە، لەکە و نەنگی ئەهێننە سەر پەڕەی سپیی خەباتی مامۆستایان. ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور 31/1/2025
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×