ئیلهام ئەحمەد: تورکیا دەیەوێت هەموو جوگرافیای سوریا کۆنترۆڵ بکات
  2025-02-01       341       

هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەكدارەكانی بۆسەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری کۆبانی، بەشێکن لەو سیاسەتانەی کە ئامانجیان کۆنتڕۆڵکردنی هەموو جوگرافیای سوریایە.

ئاوێنە: ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر راشیگەیاند "تورکیا هەوڵدەدات سوریا بخاتە ژێر سەرپەرشتی تەواوی خۆیەوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی میساقی نیشتمانی، دوای ئەوەی ماوەیەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەنها هەندێک شار دەدات".

ناوبراو رونیشیکردەوە "ئەو شەڕانەی لە بەنداوی تشرین روودەدەن، شەڕی بەرگریکردنە لە هەموو سوریا، نەک تەنها باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، چونكە ئەم بەرخۆدانە بەرگری لە ئیرادەی سوریا دەکات، هەربۆیە بەرخۆدانێکی ڕەوایە".

هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر وتیشی "دوای ئەو گۆڕانکارییەی کە لە دیمەشق ڕوویدا و لەچوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هێشتا بەردەوامین و باشن و لەم دواییانەشدا کۆبوونەوەی بەرفراوانمان ئەنجامدا بۆ خستنەڕووی دیدگای پڕۆژەی خۆبەڕێوەبردن وەک مۆدێلێک بۆ چارەسەر".

هەوروەها باسیان لە ئایندەی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی ناوچەی سوریا کرد و کەناڵی نوێ هەیە و هەموویان هەڵوێستی خۆیان دەربڕی لەسەر پێویستی بەشداربوونی گەلانی ناوچەکە لە بنیاتنانی سوریای داهاتوو، سوریای لامەرکەزی، سوریایەکی دیموکراسی کە هەموو سورییەکان یەکدەخات.

جەختیشی كردەوە، دەبێت پڕۆسەی سیاسی هەمەچەشن بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ سروشتی سوریادا بگونجێت، چونکە "بەپێی دیدگاکەمان چەندین نەتەوە و کولتوری تێدایە، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە، کە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبردن تاکە هیوایە بۆ بەدەستهێنان سەقامگیری و ئاشتی لە سوریا".

ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت "ئێمە لەگەڵ دیالۆگی نەتەوەیی سوریا و یەکڕیزی خاکی سوریاداین و هەوڵی دابەشکردنی سوریا نادەین وەک هەندێک دوژمنکارانە لایەنەکان ئیدیعا دەکەن، بەتایبەت تورکیا و ئەم تۆمەتانە دوورن لە ڕاستییەوە، وەک چۆن ئێمە و هەموو پێکهاتەکان لەگەڵ یەکتر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×