مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە "هەنگاوێكی ئەرێنی" ناودەبات و دەڵێت، هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی هەمو كێشەكان و پابەندبونی بەغدا بە ناردنی موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، كەمێك لەمەوبەر، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس، وتویەتی"پێشوازیی لە دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەین."
ئەوەشی خستۆتەڕو"دەستخۆشی لە هەمو ئەوانە دەکەین هاوکاربون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە. هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی موچە."
سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی"هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشەکانی دیکەو پابەندبونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."