سودانی فەرمانی دا بە پێكهێنانی لیژنەیەك لەبارەی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر
  2025-02-02       212       

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان فەرمانی دا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی ئەمنیی تەكنیكی لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ.

ئاوێنە: شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمشەو یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بەدواداچونی بۆ ئەو روداوە كرد كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە كێڵگەی كۆرمۆر لەنێو كۆمپانیای دانەغاز رویداو بوە مایەی كەوتنەوەی ئاگرێكی بچوك لە نزیك كۆگایەكی سوتەمەنی بەڵام هیچ زیانێكی ماددی و گیانی لێ نەكەوتۆتەوەو كاریگەریشی لەسەر كارو بەرهەمی كێڵگەكە نەبو.

ئاماژەی بەوەشداوە، سودانی فەرمانیدا بە پێكهێنانی لیژنەی ئەمنیی تەكنیكی بۆ زانینی چۆنیەتی روداوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق وتوشیەتی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بەردەوامە لە پەیوەندی لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەكانی یەكەكانی پێشمەرگە و یەكەكانی نزیك روداوەكە بۆوەرگرتنی زانیاریی لەبارەی راستییەكانی روداوەكە.

جەختیشی كردۆتەوە كە هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئابوریی وڵات و زیان گەیاندن بە قوتی خەڵك و بەرژەوەندییەكانی، هەوڵدان بۆ كردنە ئامانجی تەواوی عێراقییەكان و ئەو كارەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە قبوڵكراو نییەو كاردەكەن بۆ بەدواداچونی تەواوی وردەكارییەكانی ئەم روداوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×