وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیارە لە دو رۆژی داهاتودا بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و لەگەڵ گەیشتنی پارەكەش دەست بە دابەشكردنی دەكەن.
ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبونەوەكانی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدا وتراوە لە ماوەی یەك دو رۆژی داهاتودا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت، لەگەڵ گەیشتنیشی وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی موچە رادەگەیەنێت و دەست بە دابەشكردنی دەكات.
لەبارەی پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجەش وتی، حكومەتی هەرێم وەك "هەنگاوێكی ئیجابی" سەیری دەكات كە پەیوەندیدارە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
هەروەها وتیشی، وەفدی هەرێم هێشتا لە بەغدان و هەماهەنگییەكی باش لەنێوان هەردو تیمی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمدا هەیە و نیەتی چارەسەركردنی كێشەكان هەیە پێكەوەو نزیكبونەوەیەكی زۆر باش هەیە.
ئەوەشی خستەڕو، ئەم گفتوگۆیانە بۆ موچەی یەك مانگ نین. وەفدی هەرێم لە بەغدان و قسە لەسەر تەواوی موچەی ئەمساڵ دەكەن.
جەختیشی كردەوە "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر شتێك پێویست بێت دەیخاتە بەردەم حكومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی كێشەكان پێكەوە چارەسەر بكەین. ئێمە رێز لەم هاتنە پێشەوەیەو ئەم هەنگاوە ئیجابیەی ئەوان دەگرین و دەستخۆشی لێدەكەین."
لەبارەی وادەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، وتی، حكومەتی هەرێم وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رادەسپێرێت كە بەزوترین كات ئەوەی پێویستە بیكات بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. كۆمپانیاكانی نەوتیش كە لە هەرێم كاردەكەن بەشێك بون لە گفتوگۆكان و ئەوانیش قسەی خۆیان هەبوە لە گفتوگۆكاندا.
بەپێی قسەی پێشەوا هەورامانی، پرسی موچەی مانگی 12 بەدەر نەبوە لە گفتوگۆكانی وەفدی هەرێم. سبەینێش كۆبونەوەكان بەردەوام دەبن لەنێوان وەفدی هەردولا. ئێمە چاومان لەوەیە لەبارەی چارەسەرێك بۆ موچەی مانگی 12ش بدۆزینەوە.