حزبوڵا وادەی بەخاكسپاردنی تەرمی حەسەن نەسروڵا رادەگەیەنێت
  2025-02-02       196       

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان وادەی بەخاكسپاردنی تەرمی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری پێشوی حزبەكەی راگەیاند، ئەوەش لەدوای نزیكەی 5 مانگ لە كوژرانی لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشوری بەیروت.

ئاوێنە: نەعیم قاسم، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە وتەیەكدا رایگەیاند، رۆژی 23ی ئەم مانگە، لە رێوڕەسمێكدا تەرمی حەسەن نەسروڵا بەخاك دەسپێرن.

ئێوارەی رۆژی 27ـی ئەیلولی رابردو، لە ئەنجامی بۆردومانێکی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشوری بەیروتی پایتەخت و بەئامانجکردنی بارەگای سەرەکیی حیزبوڵای لوبنان، 6 کەس کوژران و لانیکەم 90ـی دیکەش برینداربون، یەکێک لە کوژراوەکان حەسەن نەسروڵا بو.

تەرمی حەسەن نەسروڵا لە دوای كوژرانی بەشێوەیەكی نهێنی و كاتی بەخاكسپێردرا.

نەعسم قاسم ئەوەشی خستەڕو، لە هەمان رێوڕەسمدا تەرمی هاشم سەفیەدین، سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی حزبوڵاش بەخاك دەسپێرن كە ئەویش لە هێرشێكی هاوشێوەدا لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردو كوژرا. بەقسەی نەعیم قاسم، هاشم سەفیەدین وەك ئەمینداری گشتی حزبەكە وەك جێگرەوەی حەسەن نەسروڵا هەڵبژێردرابو بەڵام بەر لە راگەیاندنی هەڵبژاردنەكەی، لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلدا كوژرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×