ترەمپ جەنگی ئابووری لە دژی چین، کەنەدا و مەکسیک راگەیاند
  2025-02-02       198       

لەدوای سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی چین، مەکسیک و کەنەدا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، هەر سێ وڵاتەکە رایانگەیاند، ئەوانیش پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی ئەمریکادا دەسەپێنن.
 
ئاوێنە: رۆژی شەممە، 01ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە فەرمانێکی نوێیدا، 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک و 10٪ی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی چیندا سەپاند. 
 
وەزارەتی بازرگانیی چین، سەرکۆنەی بڕیارەکەی واشنتنی کرد و رایگەیاند، ئەوان دژی ئەو بڕیارەن و بەڵێنیان دا ئەوانیش وەڵامی ئەو هەنگاوە بە سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمی ئەمریکیدا بسەپێنن، ئەوەش "لەپێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی چین." 
 
وەزارەتی بازرگانیی چین راشیگەیاند، لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، سکاڵا لەسەر ئەمریکا تۆمار دەکات، چونکە پێیوایە "ئەو بڕیارە تاکلایەنەی ئەمریکا، پێشێلکارییەکی زەقی رێکارەکانی رێکخراوی بازرگانیی جیهانییە." 
 
چین داوا دەکات، "ئەمریکا بابەتییانە سەیری کێشەکانی نێوخۆی ئەمریکا بکات، وەکو کێشەی مادە هۆشبەرەکان، لەجیاتی ئەوەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتاندا بسەپێنن." 
 
وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە جەنگی بازرگانی و پێناسی گومرگیدا کەس براوە نییە." 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کەنەدا و مەکسیک بەهۆی ئەوەیە، ئەو وڵاتانە هەڕەشەیەکی گەورەیان بۆ ئەمریکا دروست کردووە لەبارەی پرسەکانی کۆچبەری نایاسایی و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×